وردەکاری پلانێکی نوێی ئەمریکا بۆ ئایندەی غەززە ئاشکراکرا

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 183 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

 بەپێی بەڵگەنامەیەک ئەمریکا پلانێکی بۆ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داڕشتووە کە پشتگیری لە ئەرکی دوو ساڵە بۆ دەستەیەکی حوکمڕانی گواستنەوە لە غەززە و هێزێکی نێودەوڵەتی بۆ خاکی فەلەستین دەکات.

دیپلۆماتکاران دەڵێن ئەو ڕەشنووسە  کە هێشتا پەرەی پێدەدرێت و دەکرێت بگۆڕدرێت، لەم هەفتەیەدا لەگەڵ هەندێک وڵاتدا هاوبەش کراوە بەڵام هێشتا بە فەرمی نەگواستراوەتەوە بۆ ئەنجومەنی ئاسایش بۆ دانوستان. 

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، گفتوگۆکان لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش و هاوبەشەکانی دیکە سەبارەت بە چۆنیەتی جێبەجێکردنی پلانی غەززەی دۆناڵد ترەمپ بەردەوامە و ڕەتیکردەوە هیچ لێدوانێک لەسەر ئەو "بەڵگەنامەیە" بدات.

بەپێی ئەو دەقە دوو لاپەڕەییە، دەستەی حوکمڕانی کاتی کە ناوی ئەنجوومەنی ئاشتییە، ئەرکی دامەزراندنی هێزێکی سەقامگیری نێودەوڵەتیی کاتی لە غەززەی پێدەسپێردرێت کە بتوانێت "هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بەکاربهێنێت" بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکەی.

هێزی سەقامگیری نێودەوڵەتی ئەرکی پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و ئۆپەراسیۆنە فریاگوزارییە مرۆییەکان و ئاسایشی ناوچە سنورییەکان لەگەڵ ئیسرائیل و میسر و پشتیوانیکردن لە هێزێکی پۆلیسی فەلەستینی تازە ڕاهێنراوی پێدەسپێردرێت.

ئەو هێزە نێودەوڵەتییە کار بۆ سەقامگیرکردنی ئاسایش لە غەززە دەکات، لەوانەش لە ڕێگەی چەکداماڵینی گروپە چەکدارە نادەوڵەتییەکان.
ئ.ه