شارپرێس:
لەمدواییانەدا گەشتە نهێنییەکانی فڕۆکەی گواستنەوەی سەربازیی ڕوسیا لەنێوان مۆسکۆو تاران گومانی ئەوەیان دروستکردوە کە ڕەنگە ڕوسیا فڕۆکەی جەنگییو سیستەمی پێشکەوتوی بەرگریی ئاسمانیی بداتە ئێران، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئاڵۆزییەکان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەزیادبوندان.
ماڵپەڕی "دێفێنس سێکیوریتی ئاسیا"، کە تایبەتە بەهەواڵی بەرگرییو سەربازیی ئاماژەی بەوەکردوە، فڕۆکەی گواستنەوەی قورسی ڕوسی "ئەنتۆنۆڤ ئان-124 ڕۆسلان"، کە یەکێکە لەگەورەترین فڕۆکەکانی گواستنەوەی سەربازیی لەجیهاندا، چەندجارێک بەشێوەیەکی "نهێنی"و "تەمومژاوی" لەفڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مێهرئاباد لەتاران نیشتوەتەوە، کە دواینجار ڕۆژی یەکشەممە بوە.
ئەم نیشتنەوەیەی فڕۆکەکە، کە نە مۆسکۆو نە تاران ڕایان نەگەیاندوە، گومانی لەسەر گواستنەوەی سیستەمی چەکی پێشکەوتوی ڕوسی بۆ ئێران دروستکردوە.
چاودێران پێیانوایە، کاتی ئەو گەشتانە، کە هاوکاتە لەگەڵ زیادبونی گرژییە هەرێمییەکانو هەماهەنگیی ستراتیژیی نێوان ئەو دوو هێزەی کە لەژێر سزا ڕۆژئاواییەکاندان، ئاماژەیە بۆ قۆناغێکی نوێی هاوپەیمانیی سەربازیی نێوانیان.
سەرچاوەکە جەختی لەوەکردوهتەوە، نیشتنەوەی فڕۆکەی "ئانتۆنۆڤ-124" تەنها یەکجار نەبوە، بەڵکو بەشێکبوە لەگەشتە سەربازییەکانی گواستنەوە لەڕوسیاوە بۆ ئێران لەماوەی شەش هەفتەی ڕابردودا.
شیکەرەوەکان بەڵگەی لانیکەم سێ گەشتی فڕۆکەی "ئان-124"و فڕۆکەی "ئی-ئیل-76"یان لەنێوان 1و 7ی تشرینی یەکەمدا تۆمارکردوە کە لەفڕۆکەخانەکانی پەیوەندیدار بەدامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی سەربازییەوە هەڵفڕیون.
سەرچاوەکە مەزەندەیکردوە، ئەو گەشتە بەردەوامانە ئاماژە بەگواستنەوەی سەدان تۆن لەکەرەستەی سەربازیی هەستیار دەکەن.
ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەم گەشتە سەربازییانە پێکهاتەکانی سیستەمی بەرگری ئاسمانی "ئێس-400 تریۆمف"و فڕۆکەی جەنگی "سو-35 فلانکەر-ئەی"یان گواستبێتەوە بۆ ئێران، ئێس-400" بەیەکێک لەپێشکەوتوترین سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی دادەنرێتو توانای ڕێگریکردنی لەفڕۆکەی شەبەحو موشەکی کروزو ئامانجی بالیستی هەیە لەمەودای 400 کم.
بەدەستهێنانی ئەم سیستەمە لەلایەن تارانەوە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لەسیستەمی بەرگریی ئاسمانییدا دروستدەکات، بەتایبەتی بۆ پاراستنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی تاران.
فڕۆکەی "سو-35" فڕۆکەیەکی جەنگیی فرە ئەرکەو توانای مانۆڕی بەرزو ئەلیکترۆنیاتی فڕینی پێشکەوتوی هەیە کە دەتوانێت ئامانجەکانی لەمەودای 400 کم بدۆزێتەوەو لەیەککاتدا هێرشبکاتەسهر چەندین فڕۆکە.
لێكۆڵەرانی ڕۆژئاوا پێیانوایە، بەکارخستنی ئەم سیستەمانە لەئێراندا ڕەنگە ببێتە هۆی سەپاندنی سزای نوێی ئەمریکا.
