شارپرێس:
زوهران مەمدانی لەڕکابەرییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکی شارەوانیی نیۆیۆرک سەرکەوتو بوە یەکەم موسوڵمان کە سەرۆکایەتیی گەورەترین شاری ئەمریکا بکات.
شەوی ڕابردوو، لەئەنجامی یەکلابونەوەی دەنگەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی شارەوانی لەشاری نیویۆرک، زوهرا مامدانی کە تەمەن 34 ساڵەو بەڕەچهڵهك هیندییەو شیعهشه، وەک سەرۆکی شارەوانیی ئەوشارە هەڵبژێردراو بەیەکەم موسوڵمانی شیعە دادەنرێت کە ئەو پۆستەی بەدەستهێنابێت.
سەرکەوتنی مەمدانی بەزیاتر لە 50٪ی دەنگەکانو ڕێژەی دەنگدانی پێوانەیی دوو ملیۆن دەنگ، بوە هۆی ئاهەنگگێڕان لەگەڕەکەکانی وەک (ئاستۆریا) لەکوینز، کە یەکەمجار هەڵمەتەکەی لەوێ دەستیپێکرد.
هەڵمەتەکەی مهمدانی لەسەر دابینکردنی نرخی هەرزانو دادپەروەریی کۆمەڵایەتیو بەڵێنی بەستنی کرێو پاسی بەخۆڕاییو چاودێریی منداڵانو دوکانەکانی میوەفرۆشیی شارەکان بوو.
بۆ دابینکردنی پارەی ئەو پرۆگرامانەش پێشنیازی بەرزکردنەوەی کەمترین موچەى بۆ 30 دۆلار بۆ هەر کاتژمێرێک تا ساڵی 2030و زیادکردنی باج لەسەر کۆمپانیاکانو ملیۆنێرەکان کردوە.
ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی ئەمریکاو ئیسلام (CAIR) سەرکەوتنەکەی مەمدانی بەوەرچەرخانێکی مێژویی بۆ بەشداریی سیاسیی موسوڵمانانی ئەمریکا ناوبردوه.
ئەنجومەنەکە دەڵێت، "توانای مەمدانی بۆ سەرکەوتن لەکاتێکدا بوە کە بەئاشکرا داکۆکی لەمافەکانی مرۆڤی فەڵەستینییەکان دەکاتو ڕوبەڕوی ڕقو کینەی دژ بەموسوڵمانان دەبێتەوە".