بەختیار ئەحمەد
پوختە
ئەم نوسینە لەکاریگەرییەکانی گواستنەوە لە قۆناغى ڕاوکردن بۆ کشتوکاڵ لەسەر کۆمەڵگا مرۆییەکان دەکۆڵێتەوە. شیکاری ئەنترۆپۆلۆژی
و شوێنەوارناسی ئاماژە بەوە دەکات کە کشتوکاڵ لەگەڵ دابینکردنی خۆراکی جێگیر و دەرفەت
بۆ پلاندانانی داهاتوو، بووە هۆی بەدخۆراکی و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە درمیەکان و زیادبوونی
نایەکسانی کۆمەڵایەتی. هەروەها بەڵگەکان دەریدەخەن کە گواستنەوە بۆ قۆناغى کشتوکاڵى کاریگەری درێژخایەنی
لەسەر تەندروستی و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و ئابووری هەبووە، ئەمەش وایکردووە هەندێک لە
توێژەران بە خراپترین هەڵە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا وەسفی بکەن.
پێشەکی
کشتوکاڵ نزیکەی ١٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر سەریهەڵداوە لە ناوچەکانى وەک هیلالی
خەصیب لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و پشتی بە چاندنی دانەوێڵەی سەرەکی وەک گەنم و جۆ و ماڵیکردنی
ئاژەڵەکانی وەک بزن و مەڕ بەستووە. هەرچەندە دابینکردنی خۆراکێکی جێگیرتری لە ڕاوکردن
و کۆکردنەوەى ڕووەک دابین کرد، بەڵام جووتیاران ڕووبەڕووی یەکەمين ئاستەنگی بەرچاو
بوونەتەوە، لەوانە چڕی کار و پشتبەستن بە جۆرەها خۆراکی سنووردار.
کشتوکاڵ لە مێژە بە بەردی بناغەی شارستانیەتی مرۆڤایەتی دادەنرێت، سەقامگیرى
لە دابینکردنی خۆراک و بەشدارى لە سەرهەڵدانی شار و یەکەمین دەوڵەت، بەڵام لێکۆڵینەوە
ئەنترۆپۆلۆژی و شوێنەوارناسییەکانی ئەم دواییە ئاماژە بەوە دەکەن کە گواستنەوە لە قۆناغى
ڕاوکردنەوە بۆ کشتوکاڵى، کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی مرۆڤ و ڕەفتاری ئابووری و
پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و دروستبوون و ململانێى چینەکان هەبووە. ئەم نوسینە ئامانجیەتی ئەم کاریگەرییانە
لە ڕوانگەیەکی گشتگیرەوە شی بکاتەوە.
گواستنەوە
بەرەو قۆناغى کشتوکاڵى
پێچەوانەی بۆچوونە باوەکان، گواستنەوە بۆ قۆناغى کشتوکاڵى نەک وەک پێشوازیکردنێکی ئارەزوومەندانە، بەڵکو زیاتر وەک ڕاهاتنێکی ناچاری بوو بەهۆی فشارە ژینگەیی و زیادبوونی دانیشتووانەوە. کشتوکاڵ تەڵەیەک بوو، چونکە کاتێک چڕی ژمارەی دانیشتووان زیاد دەکات، گەڕانەوە بۆ قۆناغی ڕاوکردن دەبێتە کارێکی ئەستەم.
لە پڕخۆراکیییەوە بۆ یەکجۆر خۆراک: کۆمەڵگاى ڕاوچییەکان جۆرەها خۆراکیان لە ڕووەک و ئاژەڵە کێوییەکان بەدەست دەهێنا، کە جۆراوجۆرییەکی باشی خۆراکی دابین دەکردولە ڕووى بەهاى خۆراکییەوە باڵاتر بوو، بەڵام لە کۆمەڵگا کشتوکاڵییە سەرەتاییەکان، پشتبەستن بە بەرهەمە نیشاستەییە سەرەکییەکان (وەک گەنم) بووەتە هۆی ئەوەی:
أ.زیادبوونی شەکری نیشاستەیی لە خۆراکدا و خراپبوونی ددان و کەمی ڤیتامینە پێویستەکان و نەخۆشیەکانی وەک کەمخوێنی.
ب.قات و قڕى، بەهۆی وشکەساڵی یان بونى یەک جۆر بەرهەم، کۆمەڵگا تووشی برسێتییەکی قورستر دەبوون.
ج.چڕبوونەوەی دانیشتوان لە گوند و شارۆچکە کشتوکاڵییەکان، و هەروەها نزیکییان لە ئاژەڵە ماڵیکراوەکان، بووە هۆی سەرهەڵدانی و بڵاوبوونەوەی خێرای نەخۆشییە درمییەکان، لە ڕووی تەندروستیشەوە، مرۆڤی کشتوکاڵی سەرەتایی بە شێوەیەکی گشتی باڵا کورتتر بوون و تەمەنیان کەمتر بوو بە بەراورد بە ڕاوچییەکان.
د.دۆزینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سەرەڕای بەرهەمهێنانی خۆراک لەڕووى چەندایەتییەوە، کشتوکاڵ نەیتوانى خۆراکێکی هاوسەنگ و تەندروستى دابین بکات، وەک چۆن شێوازی ژیانی ڕاوچییەکان.
نایەکسانی کۆمەڵایەتی و ڕەگەزی
سەرهەڵدانی چینایەتی و کۆنترۆڵکردنی سەرچاوە کۆمەڵگای ڕاوچییەکان لەسەر بنەمای هاوبەشکردنێکی ڕۆژانە دامەزرابوون، کە دەرفەتی کەڵەکەبوونی سەرچاوەکانی نەدەدا، بەمەش ڕێگریی لە سەرهەڵدانی چینێکی باڵادەست دەکرد. بەڵام لە قۆناغی کشتوکاڵى کەڵەکەبوونی زیادەی خۆراک ڕێگەی دا بە دروستبوونی چینێک کە سەرچاوە و زەوی کۆنترۆڵ بکەن.
سەرهەڵدانی چینە باڵاکان: سەرکردەکان، قەشەکان، و خاوەن زەوییەکان کە سوودیان لە کاری بەکۆمەڵی جووتیارانی تر وەردەگرت. لێرەدا، کشتوکاڵ نایەکسانی لە کۆمەڵگادا چاند، نەک تەنها خۆراک.
لە کۆمەڵگا ڕاوچییەکاندا، ژنان ڕۆڵی چالاکی و گرنگیان هەبوو لە دابینکردنی خۆراک و کۆکردنەوەی ڕووەک. بەڵام لەگەڵ کشتوکاڵدا کۆنترۆڵکردنی زەوی و کێڵگەکان بوو بە سەرچاوەی دەسەڵاتی پیاوان، چونکە کاری زەحمەت و درێژخایەنی کێڵان و ئاودێری پێویستی بە هێزی جەستەیی زیاتر بوو، پێگەی ژنان لە بڕیاردانی کۆمەڵایەتی و ئابووریدا کەم بووەوە، کە بووە هۆی جۆرێکی نوێی باڵادەستی پیاوسالاری.
هەروەها جیاوازی لە نێوان ئەوانەی خاوەنی زەوی بوون و ئەوانەی پشتیان بە کار یان بەشەخۆراکی بەستبوو سەریهەڵدا.
سوودەکانى کشتوکاڵ
یەکێک لە سوودەکانی کشتوکاڵ توانای پلاندانان بوو بۆ چاندنى بەرهەمى داهاتوو و پاراستنی خۆراکی زیادە، ئەمەش کاتەکانی بۆ کاری فیکری و هونەری و ئایینی زياتر کرد. بەڵام ئەم کاتە زیادەیە بوو بە ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵایەتی و سیاسی، بەو پێیەی خاوەندارێتی سەرچاوەکان بوو بە بنەمای دەسەڵات و باڵادەستی. ئەگەر چی کشتوکاڵ بناغەی شارستانیەتی دابین کرد، لە هەمان کاتدا بوو بە یەکەمین هۆکار بۆ تێکدانی گەورەی ژینگە:
أ.لەناوچوونی دارستان: بۆ دابینکردنی زەوی کشتوکاڵی، ڕووبەرێکی فراوانی دارستان لەناوچوو.
ب.نەهێشتنی بەپیتبوونی خاک: چاندنی بەردەوامی یەک جۆر بەرهەم لەسەر هەمان پارچە زەوی بووە هۆی کەمبوونەوەی بەپیتبوونی خاک
ج.گۆڕینی ڕێڕەوی ئاو: سیستمەکانی ئاودێری دەستکاریی ژینگەی سروشتی دەکرد.
کشتوکاڵ خەیاڵی کۆنترۆڵکردنی سروشتی هێنایە
ئاراوە، بەڵام ئەم کۆنترۆڵکردنە زۆر گران کەوت لەسەر زەوى.
ئەنجام
گواستنەوەى بۆ قۆناغی کشتوکاڵ خاڵێکى وەرچەرخان بوو لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. سەرەڕای
سوودە ئابووری و کولتوورییەکانی، ئاڵنگارى بەرچاوی لەسەر ئاستی تەندروستی و کۆمەڵایەتی
دروستکرد:
بەدخۆراکی و نەخۆشی.
زیادبوونی نایەکسانی کۆمەڵایەتی و سەرهەڵدانی چینە باڵادەستەکان.
ناکۆکی لەسەر سەرچاوەکان و زیادبوونی مەترسییە ئابوورییەکان.
بەم شێوەیە دەتوانرێت کشتوکاڵ بە فاکتەری سەرەکی گەشەسەندنی شارستانى مرۆڤ هەژمار
بکرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا هۆکاری زۆرێک لە کێشە کۆمەڵایەتی و تەندروستییەکان بووە
کە تا ئەمڕۆش کاریگەرییەکانیان هەست پێدەکرێت.
