ئەمریکا دەکوڵێت بەڵام بەداخەوە کوردێک نییە لەو وڵاتەدا بتوانێت لێی تێبگات

توێژینەوە و شیکاریی

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 357 جار خوێندراوه‌ته‌وه

سەردار عەزیز

ڕەوتی ئەمریکا پێش هەموان یان ئەمریکا فێرست، وەرچەرخانێکی ترسناکی بەخۆیەوە بینی کاتێک نیک فیونتێس بوو بەکەسایەتی کاریگەر لەوڵاتدا، کە بەڕاشکاوانە نازیی نوێیە، بەڵام وەرچەرخانەکەی لەوەدا نوێیە کە دژ بەئیسرائیلە، چونکە وەها دەبینێت پەیوەندی ئەمریکاو ئیسرائیل لەسودی ئەمریکا نیيە، ڕوداوی کاریگەر لەم بوارەدا، چاوپێکەوتنی تەکەر کارلسۆن بوو لەگەڵ نیکدا، چونکە تەکەر لەڕوانگەی مەسیحیەتەوە دژ بەجولەکەیە، نەک تەنها لەڕوانگەی ئەمریکییەوە، پێکەوەبونی ئەم دوانە زەخمێکی گەورە بەڕەوتەکەیان دەدات.

لەهەمانکاتدا ماگا، ئەو ڕەوتەی لەپشت ترەمپەوەن لەهەڵوەشاندایە بەتایبەتی پەیوەست بەفایلەکانی جێفری ئیپیستین، ئەم پیاوە ناسراوترین گەوادی ئافرەتی مناڵانە لەدونیادا، ترەمپ یەکێکە لەمەعمیلەکانی.

ئەوەی گرنگە، ئەوەیە کە هەوادارانی ترەمپ بەشێکی زۆریان بڕوایان وایە کە نوخبەی دیموکرات سێکس لەگەڵ منداڵان دەکەن و خوێنیان دەمژن، بەڵام وەها دیارە ترەمپ یەکێکە لەگەورەترین هاوڕێکانی جێفری، کەمێک پێش ئێستا کۆنگرس دەنگی لەسەر ئاشکراکردنی ئەو فایلانەدا، ئێستا دەچێتە سێنات و پاشان ترەمپ دەبێت واژۆی بکات.

ترەمپ لەژێر فشاردایە
دیارە لەهەمانکاتدا ئەو گۆرانکارییانە کە لەناو دیموکراتەکان ڕودەدات کە هاوشێوەی ئەوەیە لەناو کۆمارییەکاندا ڕویاندا، پێش چەند ساڵێک ڕەوتێک لەناو کۆمارییەکاندا بەناوی تی پارتی دژ بەنوخبەی کۆمارییەکان بون بەبنەمای ئاراستەیەکی نوێ، پاشان ترەمپ توانيی بەوروژانی جەماوەر دژ بەنوخبە پارتی کۆمارییەکان بگۆڕێت.

لەناو دیموکراتەکاندا ڕەوتێکی سۆشیالیستی دیموکرات کە وەها دەردەکەوێت ڕادیکاڵ بێت، بەڵام لەڕاستیدا زۆر میانڕەون، چونکە چەمکی سەرەکییان ئەفەۆردەبیڵیتییە، کە یانی هەبونی توانای کڕین یان ژیانی سادە.

ئایا ئەمە دەبێتە ڕەوتێکی هاوشێوەی کۆمارییەکان، لەهەمانکاتدا گۆڕانکاریی زۆر لەئاستی ئابوری و مللانێی چین و ئەی ئای و زۆر بواری تر کە کاریگەری دەبێت لەسەر پێگەی ئەمریکا لەجیهاندا، هەموو کاریگەری ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر ئێمەو ناوچەکە.