شارپرێس ـ کەنداڵ جودی:
نوێنەری ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مهسهده) لەواشنتۆن كه مهسیحیه، سێ داواکاری ئەمریکا لهئهحمهد شهرع ئاشكرادهكاتو ڕاشیدهگهیهنێت، "داوا لهشهرع كراوه لهگهڵ ئهوهى پارێزگاریى لهكهمینهكان بكات، داواشى لێكراوه هاوبهشییهكى ڕونو ڕاستهقینه لهگهڵ ههسهده لهڕۆژئاواى كوردستان جێبهجێبكات".
دوابەدوای سەردانەکەی ئەحمەد شهرع سەرۆکی سوریا بۆ ئهمریكاو كۆبونهوهى ڕاستهوخۆى لهگهڵ دۆناڵد ترهمپ سهرۆكى سوریا، گفتوگۆو شیکردنەوەی زۆر لەئارادابوو، شارپرێس بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان لهواشنتۆنهوه چاوپێکەوتنێکی لهگهڵ بەسام ئیسحاق نوێنەری ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مهسهده) لەواشنتۆنو سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانیی سوریا ئەنجامدا.
شارپرێس: سەردانەکەی ئهحمهد شهرع بۆ واشنتۆن چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ ئایا پرۆتۆکۆڵی سەردانەکەی سیاسیی بوو؟
ئیسحاق: بەبۆچونی من ئەمە یەکێکە لەسەردانە سیاسییە گرنگەکان لەسەرەتای قۆناغی ئینتقالییەوە، تەنها پەیوەندیی بەپرۆتۆکۆڵو دەرفەتی فۆتۆوە نییە.
شێوازی پێشوازییو ڕێکوپێکی کۆبونەوەکان لەکۆشکی سپیو کۆنگرێسدا ئەوە دەردەخات کە واشنتۆن وەکو دەسەڵاتی نوێی شهرع لەدیمەشق مامەڵە لەگەڵ شهرع دەکات نەک وەک "میوانێکی پاسیڤ"، بێگومان هێشتا ڕێگهیەکی دورودرێژى ماوە بۆ وەرگێڕانی ئەم دانپێدانانە دەرەکییە بۆ ڕێککەوتنێکی ناوخۆیی ڕاستەقینە لەگەڵ گەلی سوریا، بەڵام گرنگی ڕەمزی ئەم ساتەوەختە کەمناکرێتەوە.
شارپرێس: واشنتۆن ویستی چ پەیامێک بگەیەنێتە ڕای گشتیی بە پێشوازیکردن لەشهرع؟
ئیسحاق: پەیامی یەکەم ئەوەیە کە ئەمریکا لاپەڕەکەی لەسەر ئەجێندای سیاسی ئەسەد هەڵداوهتهوهو ئێستا سەرنجی لەسەر ئیدارەیەکی نوێیە کە بتوانێت سنورەکان کۆنتڕۆڵبکاتو بەرەنگاری تیرۆر ببێتەوەو کاریگەریی ئێرانو ڕێکخراوە توندڕەوەکان کەمبکاتەوە.
پەیامی دوەمیش بۆ هاوپەیمانەکانی واشنتۆن لەناوچەکە ئەمەیە: هەر ڕێکخستنێکی ئەمنی پەیوەندیدار بەسوریاوە لەڕێگەی ئەم ئیدارە ئینتقالییەوە دەکرێت، لەناوخۆی سوریادا پەیامی ناڕاستەوخۆ ئەمەیە: ئەگەر ئێوە بەرەو چاکسازیی ڕاستەقینەو هاوکاریی فراوانتر هەنگاوبنێن، ڕۆژئاوا ئامادەیە هاوکاری ئابورییو سیاسیتان پێشکەش بکات.
شارپرێس: ئایا سەردانەکەی شهرع تاقیکردنەوەیەک بوو بۆ ڕونکردنەوەی نیەتەکان، یان سەرەتای ڕێبازێکی نوێی دانوستانە؟
ئیسحاق: بەکردەوە هەردوکیان ئامادەن، لەلایەک واشنتۆن دەیەوێت بزانێت ئایا قسەکانی شهرع سەبارەت بەسەروەری یاساو هاوڵاتیبونی ڕاستەقینەیە یان نا، ئەمەش لەهەڵسوکەوتەکانی بەرامبەر بەکەمینەکانو هێزهكانى سوریاى دیموكراتو گروپەکانی دیکەدا ڕەنگدەداتەوە.
لەلایەکی دیكهوه تەنها کردنەوەی فایلەکانی وەک یاسای قەیسەرو هاوکاری ئەمنیو ڕێککەوتنە سنورییەکان بەو مانایەش دێت کە ئێمە چوینە ناو پرۆسەی دانوستانێکی درێژخایەن لەنێوان واشنتۆنو دیمەشقو پێدەچێت چەند کۆبونەوەیەک لەچەند مانگی داهاتودا ئەنجامبدرێن.
شارپرێس: دوای سەردانەکە، هیچ نیشانەیەکی سوکبون یان هەڵگرتنی سزاکانتان بینی؟
ئیسحاق: ڕونە کە مەلەفی سزاکان قەدەغە نەکراوە؛ بوەتە بەشێک لەڕێککەوتنی سیاسیی، ڕاگرتنى هەندێک بڕگەی یاسای قەیسەرو کردنەوەی گفتوگۆکان لەسەر لێخۆشبونی مرۆییو وەبەرهێنان لەکەرتەکانی دیکەدا، نیشانەی ئامادەیی ئەمریکایە بۆ سوککردنی وردە وردەى سزاکان، بەڵام تائێستا لەبری ئەوەی سزاکان بەتەواوی هەڵبگرین، زیاتر لەسەر ڕێگهی جێبەجێکردنی مەرجەکانن.
شارپرێس: بەبۆچونی تۆ بەڕێز ئیسحاق، ئەمریکا لەبەرامبەر سوککردنی سزاکاندا داوای چی لەشهرع دەکات؟
ئیسحاق: زۆربەی گفتوگۆکان لەدەوری سێ داواکاری دەسوڕێنەوە: یەکەم، پاراستنی مافی مرۆڤو کەمینەکان، کۆتاییهێنان بەگرتنو پێشێلکارییو چاکسازیی لەخزمەتگوزارییە ئەمنییەکان.
دوهمیش: دامهزراندنی هاوبهشییهکی ڕون لهگهڵ هێزهکانی ناو دهوڵهتى سوریاو بهتایبهت ئیدارهی خۆبهڕێوهبهرى لهچوارچێوهی دهوڵهتی سوریاو دورکهوتنهوه لهململانێی سهربازیی لهگهڵیاندا.
سێیەم: دەستەبەرکردنی سنورەکانو ڕێگریکردن لەگەڕانەوەی گروپە جیهادییەکانو دابینکردنی گەرەنتی ئەمنی ڕاستەقینە بۆ دراوسێکانی سوریا، بەپلەی یەکەم عێراقو ئیسرائیلو تورکیا.
شارپرێس: ئایا ئەم لێکنزیکبونەوەیە دەتوانێت ڕێگە خۆشبکات بۆ ئەوەی سوریا بچێتە پاڵ هەوڵەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش؟
ئیسحاق: ئەم بژاردەیە لەقۆناغی داهاتودا جێبەجێدەکرێت، چ لەڕێگەی بەشداریکردنی ڕاستەوخۆ یان هەماهەنگی قوڵتری ئەمنیو سەربازیی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
شهرع دەبێت توانای خۆی بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆر لەسەرتاسهرى سوریا بسەلمێنێت، ئەگەر بەژیرانەو بەهەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی سوریاى دیموكرات (ههسهده)و هێزە ناوخۆییەکان کە ڕۆڵی سەرەکییان هەبوو لەتێکشکاندنی داعش ئەنجامبدرێت، ئەم ڕێبازە دەتوانێت دەرفەتێک بێت بۆ پەرەپێدانی سەقامگیریی، نەک سەرچاوەیەکی نوێی ململانێ.
شارپرێس: سەردانەکەی شهرع چۆن دەتوانێت کاریگەریی لەسەر دۆخی سیاسی ناوخۆی سوریا هەبێت؟
ئیسحاق: سەردانەکە چاوەڕوانییەکانی لەناوخۆی سوریادا بەرزکردوهتەوە؛ هەندێک بهدوا هەلى دەزانن بۆ ڕزگارکردنی ئابورییو ئاوەدانکردنەوەی دەوڵەت، هەندێکی تریش ترسیان هەیە ڕێککەوتنێکی فەرمی بێت کە هیچ شتێک لەژیانی خەڵکدا نەگۆڕێت.
ئەگەر شهرع سود لەمە ببینێتو دەستبکات بەهەنگاوی کۆنکرێتی وەک فراوانکردنی بەشداری سیاسیی، جێبەجێکردنی چاکسازیی وردە وردە لەدامهزراوه ئەمنییەکان، هێورکردنەوەی فشارهكانى سهر کەمینەکانو دەستکردن بەدیالۆگی جیددی لەگەڵ هێزەکانی ههسهدهو گروپە ئۆپۆزسیۆنە مەدەنییەکان، دەتوانێت دانپێدانانی دەرەکی بگۆڕێت بۆ ڕەوایەتی نێوخۆیی ڕاستەقینە، بەڵام ئەگەر تەنها لەلایەنی ڕەمزیدا سنوردار بمێننەوە، ئەوا سەردانەکە دەبێتە بارگرانییەکی زیادە بۆی.
شارپرێس: وەک مەسیحییەکی سوری لەئەمریکا، چۆن ئەو جوڵانە لێکدەدەیتەوە؟
ئیسحاق: وەک مەسیحییە سورییەکان لەئەمریکا، هەمیشە بەدوو چاویلکە سەیری شتەکان دەکەین، ئاسایشو هاوڵاتیبونی یەکسان.
ئێمە نامانەوێت لەدیکتاتۆریەوە بچینە ئاژاوەو نە لەدەوڵەتێکی ئەمنیەوە بۆ دەوڵەتێکی ئایینی کە بەشێک لەکۆمەڵگه لەناو ببات، بۆیە بۆ ئێمە گرنگە لەمشتومڕی یاسایی سەبارەت بەپاراستنی کەنیسەکانو وەستاندنی قسەی ڕقاویو گەرەنتیکردنی بەشداریکردنی هەموو پێکهاتەکان - مەسیحییەکان، کوردەکان، عهلهویهكان، سوننە میانڕەوەکان، لەداڕشتنی داهاتوی وڵاتدا خاوهن بڕیار بینو ڕۆڵمان ههبێت، ئەگەر ئەم بەڵێنانە لەڕوی سیاسییەوە جێبەجێبکرێن، ئێمە یەکەم کەس دەبین کە بەرگریی لەڕێگهی ئاشتییو كرانهوهى زیاترى سوریا دەکەین.
شارپرێس: پێشبینیدەکەیت دوای سەردانەکە چی ڕوبداتو ئایا خولی نوێی دیالۆگ ڕودەدات؟
ئیسحاق: پێشبینیدەکەم چەندین خولی گفتوگۆ لەنێوان دیمەشقو واشنتۆنو ڕەنگە لەگەڵ پایتەختەکانی دیکەی وەک برۆکسلو لەندەن، لەسەر بابەتی تایبەت: سزاکان، ئاوەدانکردنەوەو ڕێکخستنی ئاسایشی سنورەکان ڕوبدات.
لەناوخۆدا گرژیی زیاتر دەبینین لەنێوان ئەوانەی دەیانەوێت ئەم سەردانە بۆ کراوەیی بەکاربهێننو ئەوانەی ترسیان لەهەر ئیمتیازێک یان هاوکارییەکی فراوانتر هەیە، ئەوەی ئەمڕۆ بۆ سورییەکان گرنگە ئەوەیە، ئەو کۆبونەوانە لەژوری داخراودا نامێننەوە، بەڵکو دەبنە هەنگاوی کۆنکرێتی کە هاوڵاتییان لەژیانی ڕۆژانەیانو ئاسایشی خۆیاندا هەستی پێدەکەن.
شارپرێس: ئایا سەردانەکەی شهرع کاریگەریی لەسەر هاوپەیمانی نێوان ههسهدهو واشنتۆن دەبێت؟
ئیسحاق: بەدڵنیاییەوە ئەم سەردانە مشتومڕێکی نوێ لەسەر سروشتی پەیوەندی سێ قۆڵی: واشنتۆن، ههسهدهو دیمەشق دەکاتەوە، پێموایە ئەمریکا دەستبەرداری ههسهده نابێت، بەڵام لەهەمانکاتدا هەوڵدەدات ئەم هاوپەیمانییە بخاتە چوارچێوەی دەوڵەتی نوێی سوریاوە، بۆ ئەوەی هەرێمی جزیرە لەهیچ چارەسەرێک دەرنەچێت.
مەترسییەکە لەوەدایە کە ههسهده هەست بەجێهێشتنی ڕێککەوتنەکان دەکات، لەهەمانکاتدا دەرفەتەکە لەدۆزینەوەی ڕێکخستنی نوێدایە کە گەرەنتی بەردەوامی هاوکارییان لەگەڵ واشنتۆن بکات، بەڵام لەچوارچێوەی ڕێککەوتنێکی نیشتمانی فراوانتر لەگەڵ دیمەشق کە مافی هەموو پێکهاتەکان لەباکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەپارێزێت.
شارپرێس: زۆر سوپاس بۆ سهرنجه بەنرخەکانتان.
ئیسحاق: سوپاس بۆ شارپرێسو سەرجەم کارمەندەکانی.
