شارپرێس:
لەگەڵ نزیکبونەوەی وادەی جێبەجێکردنی سیستەمی
نوێی وەرگرتنی باجی پێشوەختە لەعێراق، بازرگانان هۆشداریی لەگرانبونی تێچوی هاوردەکردن
دەدەن، بڕیارە نوێیەکەی ئەنجومەنی وەزیرانى عێراق کە ڕەسمی گومرگی ئۆتۆمبێلی بە
15٪ جێگیرکردوە، نەک تەنها کاریگەری لەسەر ئۆتۆمبێلە نوێیە هاوردەکراوەکان دەبێت،
بەڵکو پێشبینیدەکرێت نرخی ئۆتۆمبێلی ناو بازاڕەکانیش بەڕێژەی جیاواز بەرزبکاتەوە.
شارهزایانیش هۆشداریدهدهنو دهڵێن،
"ئەگەر تۆ وهكو هاوڵاتیهك پلانت هەیە بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلێک کە بڕیارە
لەمانگی تشرینی یەکەم (مانگى 10ى ئهمساڵدا) بگاتە عێراق، ئەوا ناچار دەبیت پەیڕەوی
میکانیزمێکی نوێ بکەیت بۆ وەرگرتنی ڕەسمی گومرگیو بارمتە باجە خەمڵێنراوەکان پێش
جێبەجێکردنی پرۆسەی گواستنەوەی پارە بۆ دەرەوە بەمەبەستی هاوردەکردن".
لە 18ی ئەم مانگەدا، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق
پرەنسیپی "پێشەکی وەرگرتن"ی بۆ ڕەسمی گومرگیو بارمتە باجە خەمڵێنراوەکانی
سەر کاڵا هاوردەکراوەکانى پەسەندکرد، بەو مەرجەی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە لەیهكی
تشرینی یەکەمی 2026 (سهرهتاى مانگى 10)ى ئهمساڵەوە دەستپێبکات.
بەگوێرەی بڕیارەکە، دەبێت هاوردەکار بڕی پارەی
گواستنەوەی دەرەکی بۆ مەبەستی هاوردەکردن لەبانکە ڕێپێدراوەکان دابنێتو پارەکە بۆ
دەرەوە ڕەوانە ناکرێت تاوەکو ڕەسمی گومرگیو بارمتە باجە خەمڵێنراوەکان لەڕێگەی سیستەمی
(ئەسیکۆدا)و ئامرازەکانی دیكهى پارەدانی ئەلیکترۆنییەوە نەدرێن، بڕی پارە خەمڵێنراوەکەش
لەسەر بنەمای زانیارییە سەرەتاییەکان دیاریدەکرێت کە هاوردەکار پێشکەشیدەکات، لەوانە:
فاتورەی بازرگانی، بەڵگەنامەکانی بارکردن، پۆلێنی گومرگی، جۆری کاڵا، وڵاتی دروستکەرو
نرخەکەی بهگوێرهى خشتە پەسەندکراوەکان.
دەستەی گومرگی عێراق پێشتر لە 30ی کانونی یەکەمی
2025دا ڕایگەیاندبوو، لەیهكى کانونی دوەمی 2026وە دەست بەجێبەجێکردنی پێناسەی نوێی
گومرگی دەکەن، ئاماژەی بەوەشکردبوو، ڕەسمی گومرگی بۆ ئۆتۆمبێل بوەتە 15٪، ئەمەش
دوای سەپاندنەوەی ڕەسم بەسەر ئۆتۆمبێلە "هایبرید"ەکاندا کە پێشتر بەخشرابون
لهڕهسمو باجى گومرگى.
هەروەها لە یهكی کانونی دوەمی 2026دا، دەستەکە
دەستیکرد بەجێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 957ی ساڵی 2025ی ئەنجومەنی وەزیران کە تێیدا
سیستەمی (ڕەسمی بڕاوە) بۆ کۆنتێنەرەکان هەڵوەشایەوەو سیستەمی وەرگرتنی ڕەسم بهگوێرهى
جۆری مادەو پۆلێنکردنیان جێگیرکرا، دەستەی گومرگ-یش ڕونیکردەوە، یاسای پێناسەی
گومرگی ژمارە 22ی ساڵی 2010 بنەمای یاسایی ئەم بڕیارەیەو جێبەجێنەکردنی لەساڵانی ڕابردودا
پەیوەندی بەنەبونی سیستەمی ئەلیکترۆنیو لاوازیی ژێرخانەوە هەبوە.
لەو چوارچێوەیەدا ڕەشید سەعدی وتەبێژی ژوری
بازرگانیی بەغدا ڕایگەیاندوه، بازرگانانو هاوردەکاران لەکۆبونەوەیەکدا پرسی (پێشەکی
وەرگرتن)یان تاووتوێکردوە، سەعدی بۆ ئاژانسی شەفەق نیوز وتویهتى، "بارمتە
باجەکان 3٪یە، بەڵام ڕەسمی گومرگی بهگوێرهى جۆری کاڵاکە دەگۆڕێتو لەهەندێک کاڵادا
دەگاتە 30٪و 35٪و تەنانەت لەهەندێک حاڵەتیشدا دەگاتە 40٪.
سەعدی وتویهتى، "ژوری بازرگانی دژی
پابەندبونی بازرگان بەباجو ڕەسم نییە، بەڵام دەبێت لەبەرامبەردا دەوڵەت خزمەتگوزاریی
تەندروستی، کارەبا، پەروەردەو ژێرخان دابینبکات"، ئەو پێیوایە، "هاوکێشەکە
هاوسەنگ نییە، چونکە هاوڵاتی ئەرکەکانی جێبەجێدەکات، بەڵام ئاستی خزمەتگوزارییەکان
وەک پێویست نین، هەروەها ئەم بڕیارە دەبێتە بارگرانییەکی دارایی بۆ بازرگان، چونکە
دەبێت پێش گەیشتنی کاڵاکە پارە بدات".
لەلایەکی دیکەوە، د.جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی
دارایی لەپەرلەمانی عێراق جهختیكردوهتهوه، پەرلەمان پشتگیریی لەجێبەجێکردنی تەواوەتی
پێناسەی گومرگی دەکات، چونكه بابەتەکە تەنها پەیوەندیی بەداهاتەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی
بە "ئاسایشو سەروەریی"و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆوە هەیە.
ئهوهشى وتوه، "لەسیستەمی کۆندا ڕەسمەکان
تەنها لەسەر بنەمای قەبارەی کۆنتێنەر وەردەگیران، بێئەوەی گوێ بەناوەڕۆکەکەی بدرێت،
بەڵام لەسیستەمە نوێیەکەدا هەموو شتێک بهگوێرهى جۆرو نرخو کێش دیاریدەکرێت، هەندێک
کاڵا-ش کە هاوشێوەی ناوخۆییان هەیە، ڕەسمی زۆر زیاتریان دەخرێتەسەر بۆ ئەوەی بەرهەمی
نیشتمانی بپارێزرێت".
ئەحمەد عید توێژەری ئابوریی دەڵێت، "دەبێت
لەدوو گۆشەوە سەیری ئەم بڕیارە بکرێت؛ یەکەم بڕی ئەو ڕەسمەی لەکاتی هاوردەکردندا دەسەپێنرێت،
دوەمیش کاریگەرییە ڕاستەقینەکەی لەسەر نرخی ئۆتۆمبێل لەبازاڕدا، سەپاندنی 15٪ وەک ڕەسمی
گومرگی، مەرج نییە نرخ بەهەمان ڕێژە بەرزبکاتەوە، چونکە نرخی کۆتایی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە
ژێر کاریگەریی تێچوی گواستنەوەو قازانجی بازرگانان".
هۆشداریشیدا، ڕەنگە ئەمە کاریگەریی لەسەر ئۆتۆمبێلەکانی
ناو بازاڕیش هەبێت، چونکە کاتێک تێچوی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی نوێ گران دەبێت، نرخی
ئۆتۆمبێلە بەکارهاتوەکانیش بەرزدەبێتەوە، داوادهكهن میکانیزمی جێبەجێکردنەکە ڕون
بێت بۆ ئەوەی ڕێگریی لەگرانبونی بێسەروبەرو زیادەڕۆیی لەنرخەکاندا بکرێت.
