کشانەوەی "پەکەکە" لەهەرێمی زاب مانای چییە؟

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2572 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەڕێوەبەرایەتیی تەڤگەری ئازادیی کوردستان بۆ پرۆسەی ئاشتی‌و کۆمەڵگەی دیموکراسی (كه‌ واتاكه‌ى پەکەکەی پێشوه‌) ڕایگەیاند، گه‌ریلاكانى لەناوچەی زاب لەهەرێمی کوردستان کشاندوەتەوە، ئەم هەنگاوەشی وەک بەشێک لەهەوڵەکانی بۆ پشتیوانیکردن لەپڕۆسەی ئاشتیی‌و دیموکراسی لەتورکیا وەسفکردوه‌.


ئەم پێشهاتە لەچوارچێوەی زنجیرەیەک ڕێکاردا دێت پەکەکە لەمساڵدا گرتویەتییەبەر، کە بریتین لەڕاگەیاندنی ئاگربەست لە 1ی ئادار، هەڵوەشاندنەوەی فەرمی خۆی لە 12ی ئایار، ئەنجامدانی ڕێوڕەسمی سوتاندنی چەک لەمانگی تەمموز، پاشان کشانەوەی هێزەکانی لەناوخۆی تورکیا لەمانگی تشرینی یەکەم.

لەبەیاننامەیەکی نوێدا کە ئاژانسی هەواڵی فورات بڵاویکردەوە، بەڕێوەبەرایەتیی تەڤگەری ئازادیی کوردستان بۆ پرۆسەی ئاشتی‌و کۆمەڵگەی دیموکراسی ڕونیکردوه‌ته‌وه‌، هێزەکانی لەناوچەی زاب کشاونەتەوە بۆ "ناوچەی گونجاوتر"، جەختیشی لەوەکردەوە، مەترسیی سەرهەڵدانی ململانێ لەم ناوچەیەدا بەتەواوی کۆتاییهاتوە.

پەکەکە زاراوەی "هەرێمی بەرگری میدیا" بەکاردێنێت بۆ ئاماژەدان بەو ناوچانەی کە لەهەرێمی کوردستان لەژێر کۆنتڕۆڵیدایە، وەک قەندیل‌و زاب‌و حەفتانین‌و چەند ناوچەیەکی تر.

ناوچەی زاب لەنەوەدەکانەوە یەکێکبوە لەگرنگترین قەڵاکانی پەکەکەو تورکیاش ئەم ناوچەیەی بەکارهێناوە بۆ پاساودانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بەبیانوی ڕێگریکردن لە"تێپەڕین" بۆ ناو خاکەکەی.

بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەدا، کشانەوەکە بۆ پشتیوانیکردنە لەوەی پەکەکە بە"پڕۆسەی ئاشتی‌و کۆمەڵگەی دیموکراسی" ناوی دەبات بەسەرکردایەتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لەکاتێکدا حکومەتی تورکیا بە"پڕۆسەی تورکیای بێ تیرۆر" وەسفیدەکات، پەکەکە پێیوایە کشانەوەی لەزاب هەنگاوێکی سەرەکییە بۆ بەهێزکردنی سەرکەوتن‌و بەردەوامبونی پڕۆسەکە.

لەلایەنی سیاسیدا، کۆبونەوەکانی "لێژنەی یەکڕیزی نیشتمانی‌و برایەتی‌و دیموکراسی" بەسەرۆکایەتی نوعمان کورتوڵموش سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بەردەوامن، کە لایەنی سەرپەرشتیاری پڕۆسەی ئاشتییە.

لەچەند هەفتەی ڕابردودا کۆبونەوەی گرنگ بەڕێوەچون، دیارترینیان کۆبونەوەی شاندێکی پارتی یەکسانی‌و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)  کە لەپەروین بوڵدان‌و مەدحەت سەنجار پێکهاتبون، لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە 30ی تشرینی یەکەم، هەروەک ئەندامانی پارتەکە لە 3ی تشرینی دوەم سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیان لەزیندانی ئیمراڵی کرد، ئەم سەردانەش سەرنجێکی بەرفراوانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا وەک نیشانەیەک بۆ پێشکەوتنی پڕۆسەکە.

دوای ئەم پێشهاتانە، ئەردۆغان ڕایگەیاند، تورکیا گەیشتوەتە "خاڵێکی وەرچەرخانی نوێ"، لەکاتێکدا دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیست، داوایکرد کە لیژنەکە بەفەرمی سەردانی ئیمراڵی بکات.

لای خۆیەوە، کورتوڵموش جەختیکردەوە، بڕیار لەسەر ئەم بابەتە خودی لیژنەکە دەیدات، کە بڕیارە 17هه‌مین کۆبونەوەی لە 18ی تشرینی دوەم ئەنجامبدات پاش دوجار دواخستنی.

لەو کۆبونەوەیەدا وەزیری ناوخۆو وەزیری بەرگریی‌و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ڕونكردنەوەی داخراو پێشکەشدەکەن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ سروشتی گفتوگۆ هەستیارەکان کە لەسەر داهاتوی پڕۆسەکە بەڕێوەدەچن.

هەنگاوەکەی پەکەکە لەزاب یەکێکە لەدیارترین قۆناغەکانی پڕۆسەی ئاشتی ئێستا، بەتایبەتی دوای چەندین ساڵی درێژ کە پەکەکە بونی بەهێزی خۆی لەهەرێمی کوردستان پاراستبوو سەرەڕای کشانەوەی پێشوی لەتورکیا لەنێوان ساڵانی 2013و 2015.