شارپرێس:
مه‌زڵوم عه‌بدى فه‌رمانده‌ى گشتیى هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات (هه‌سه‌ده) په‌یامێكى هۆشداریى ئاراسته‌ى ئه‌حمه‌د شه‌رع سه‌رۆكى سوریا كرد‌و ڕایگه‌یاند، "به‌شار ئه‌سه‌د بۆیه كه‌وت دیالۆگى ڕه‌تده‌كرده‌وه‌و بڕواى به‌مه‌ركه‌زیه‌ت هه‌بوو"، ده‌شڵێت، "ئێمه هه‌تا شه‌ڕ به‌سه‌رماندا فه‌رز نه‌كرێت شه‌ڕمان نه‌كردوه، چونكه له‌بنه‌ڕه‌تدا ئێمه بڕوامان به‌دیالۆگ هه‌یه نه‌ك شه‌ڕ".
له‌دوه‌م ڕۆژى دیدارى مێپس له‌دهۆك، ژه‌نراڵ مه‌زڵوم عه‌بدى فه‌رمانده‌ى گشتیى هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات (هه‌سه) قسه‌یكردو په‌یامێكى ناڕاسته‌وخۆى بۆ ئه‌حمه‌د شه‌رع سه‌رۆكى سوریا نارد‌و ڕایگه‌یاند، "به‌شار ئه‌سه‌د بۆیه كه‌وت دیالۆگى ڕه‌تده‌كرده‌وه‌و بڕواى به‌مه‌ركه‌زیه‌ت هه‌بوو، ئێمه ساڵانێكى زۆره له‌شه‌ڕداین، به‌ڵام جه‌ختده‌كه‌ینه‌وه كۆتایی هه‌موو شه‌ڕێك دیالۆگ‌و گفتوگۆیه".
عه‌بدى جه‌ختیكرده‌وه، "ئێمه هه‌تا شه‌ڕ به‌سه‌رماندا فه‌رز نه‌كرێت شه‌ڕمان نه‌كردوه، چونكه له‌بنه‌ڕه‌تدا ئێمه بڕوامان به‌دیالۆگ هه‌یه نه‌ك شه‌ڕ، بڕواشمان به‌وه هه‌یه كه شه‌ڕ هیچ ڕێگه‌یه‌كى نییه بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كان".
له‌به‌شێكى دیكه‌ى قسه‌كانیدا وتى، "له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسى‌و ئه‌مریكیه‌كان هه‌وڵماندا له‌دواى ڕوخانى به‌شار ئه‌سه‌ده‌وه ڕێگه‌یه‌كى نوێ بگرینه‌به‌ر ئه‌ویش دیالۆگ‌و ڕێكه‌وتن بوو، سه‌ره‌نجامیش له10ى ئادار له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د شه‌رع ڕێكه‌وتننامه‌ى 10ى ئادارمان واژۆكرد، ئه‌و ڕێكه‌وتننامه‌یه ڕێگریى كرد له‌پارچه پارچه بونى سوریا، ڕێگریكرد له‌حه‌زى تۆڵه‌كردنه‌وه له‌سوریا به‌گشتیى".
نه‌یشارده‌وه، "به‌داخه‌وه تائێستا به‌شى هه‌ره‌زۆرى ڕێكه‌وتنه‌كه نه‌چوه‌ته بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه، یه‌كێك له‌وانه، گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌كانى عه‌فرین‌و سه‌رێكانى‌و ناوچه‌كانى دیكه‌یه كه ڕێگه‌یان پێ‌نادرێت، ئه‌مانه كێشه‌یه‌كى گه‌وره‌یه‌و پێویسته سوریا به‌وریاییه‌وه مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ بكات".
ئه‌وه‌شى وت، "ئه‌گه‌ر ئیراده‌یه‌كى سیاسیى به‌هێز هه‌بێت هیچ شتێك مه‌حاڵه نییه، خۆشبه‌ختانه ئێمه‌ى گه‌لى كورد له‌ڕۆژئاواى كوردستان خاوه‌نى ئیراده‌ى سیاسین، داواش له‌حكومه‌ته‌كه‌ى شه‌رع ده‌كه‌ین ئه‌وانیش خاوه‌نى ئیراده‌بن بۆ جێبه‌جێكردنى ڕێكه‌وتننامه‌ى 10ى ئادار".
په‌یامێكیشى ئاراسته‌ى توركیا كرد‌و جه‌ختیكرده‌وه، "ئێمه تائێستا مه‌ترسى نین‌و ناشبینه مه‌ترسى بۆسه‌ر هیچ لایه‌نێك‌و ده‌وڵه‌تێك، توركیا به‌دراوسێیه‌كى گرنگى خۆمان ده‌زانین، داوایان لێده‌كه‌ین ئێمه وه‌ك مه‌ترسى له‌سه‌ر خۆیان نه‌بینن، ئێمه جه‌ختده‌كه‌ینه‌وه سوریا‌و ڕۆژئاواى كوردستان وه‌ك ناوچه‌یه‌كى ئارام ببینن".
سه‌باره‌ت به‌كێشه‌كانى ئێستاى نێوان سوریا‌و ڕۆژئاى كوردستان، عه‌بدى وتى، "ده‌ستورو كێشه‌ى سیستمى حوكمڕانى له‌سوریادا كێشه‌یه‌كى سه‌ره‌كین، ئێمه كۆتاییمان به‌و پرسه هێناوه، هیچ كاتێك مه‌ركه‌زیه‌تمان قبوڵ نییه‌و بڕواشمان پێى نییه، ده‌بێت هه‌مولایه‌كیش باوه‌ڕى به‌وه هه‌بێت، قۆناغى مه‌ركه‌زیه‌ت له‌سوریا تێپه‌ڕى‌و كۆتاییهات".
ئه‌وه‌شى وت، "سوریا هیچ مومكین نییه سوریا بگه‌ڕێته‌وه بۆسه‌رده‌مى حزبى به‌عس، دواى 15 ساڵ له‌شه‌ڕیش له‌سوریا، نابێت سوریا بگه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌مى مه‌ركه‌زى، ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتى شه‌رع بڕوا به‌و ڕاستیه بهێنێت، دواى سه‌ردانه‌كه‌ى شه‌رع-یش بۆ ئه‌مریكاو په‌یوه‌ستبونى به‌هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش، هیوادارین هه‌نگاو بنێن بۆ كۆتاییهێنان به‌كێشه‌كان‌و تاوه‌كو كۆتایی ئه‌مساڵ، هیوادارین ڕێكه‌وتنى 10ى ئادار جێبه‌جێبكرێت".
باسى ڕۆڵى گرنگى كوردى كرد‌و وتى، "ڕۆژئاوا‌و باشورى كوردستان خاوه‌نى دوو هێزى سه‌ره‌كى‌و گرنگن له‌ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، هه‌ردوو ئه‌و هێزه ڕۆڵیان هه‌بوو له‌شه‌ڕى داعش‌و تێكشكاندنى، بۆیه ده‌بێت دان به‌وه‌دابنرێت كورد هێزێكى گرنگه‌و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ بكرێت".
باسى پرۆسه‌ى ئاشتى له‌توركیاو باكورى كوردستان كرد‌و ڕایگه‌یاند، "له‌باكور پرۆسه‌ى ئاشتى ده‌ستیپێكردوه به‌ده‌ستپێشخه‌رى ئۆجه‌لان، ئه‌م پرسه ته‌نها بۆ باكور گرنگ نییه، به‌ڵكو بۆ هه‌موو كورد‌و بۆ هه‌موو ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست گرنگه، له‌و ڕوه‌شه‌وه جه‌ختده‌كه‌ینه‌وه، ئێمه پشتیوانى پرۆسه‌ى ئاشتى ده‌كه‌ین‌و هه‌رچى له‌ده‌ستمان بێت ده‌یكه‌ین‌و ئاماده‌ین".
