قوباد تاڵەبانی: ئامادەین بۆ پێکهێنانی حکومەت لەسەر بنەمای هاوبەشیی ڕاستەقینە

کوردستان

53 خولەک پێش ئێستا‌ 112 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لەمایکڵ ڕیگاس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکاو ڕایگەیاند، ئامادەین بۆ پێکهێنانی حکومەت لەسەر بنەمای هاوسەنگی و هاوبەشیی ڕاستەقینە کە بەبێ جیاوازی خزمەتی هەمو هاوڵاتییان و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بکات. 


نوسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران بلاویكردەوە، قوباد تاڵەبانی پێشوازی لەمایکڵ ڕیگاس کردو پیرۆزبایی کردنەوەی گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمریکای لێکردوەو هەردولا جەختیانكردەوە لەكۆتایی هێنان بەهێرشەكان بۆ سەر ژێرخانی ئابوری و وزەی هەرێم و یەكخستەنەوەی هێزی پێشمەرگە.

قوباد تاڵەبانی ڕاشیگەیاند،" دەرگای هەمو شار و ناوچەکانی کوردستان کراوەیە بەڕوی ئەمریکادا بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان لە هەمو بوارەکاندا و بە تایبەتیش لە بوارەکانی ئەمنی و ئابوری و بازرگانی و کلتوریدا".

جێگری سەرۆك وەزیران وتوشیەتی، بەردەوامی و چەندبارەبونەوەی هێرشەکان بۆسەر ژێرخانی ئابوری و وزەی هەرێم سەلمێنەری ئەوەیە کە پێویستە ئاستی هەماهەنگی نێوان هەرێم و ئەمریکا بەردەوام و زیاتر بێت.

جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە قۆناغی باشی بڕیوەو سوپاسی ئەمریکای کرد بۆ هاوکاریکردنی هەرێم لەسەر بەردەوامی پرۆسەکە تا ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی هێزێکی ڕاهێنراوی پیشەیی و نیشتمانی و دور لە هەرچەشنە دەستێوەردان و ئینتمایەکی حزبی.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی نوسینگەكە، باس لەپێكهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم کراوەو  قوباد تاڵەبانی وتویەتی، ئامادەین بۆ پێکهێنانی حکومەت لەسەر بنەمای هاوسەنگی و هاوبەشیی ڕاستەقینە کە بەبێ جیاوازی خزمەتی هەمو هاوڵاتییان و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بکات.