شارپرێس:
لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمەوە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر قونەیترە و سنووری دیمەشق پەرەی سەندووە و نزیکەی ٢٥ هێرش تۆمارکراوە، کە چالاکیی چڕی زەمینی و ئاسمانی و سیخوڕی لەگەڵدایە.
ئەم جموجۆڵانە بریتی بوون لە هاتنە ناوەوەی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ دەوروبەری شارۆچکەی سەیدا ئەلجۆلان، هەروەها دانانی خاڵی پشکنینی کاتی لەسەر ڕێگا سەرەکییەکان، دیارترینیان ڕێگای عەین بەیز جەباتە ئەلخەشاب بوو، کە تێیدا ئۆتۆمبێلە تێپەڕبووەکان دەپشکنران هەروەها تانک و ئۆتۆمبێلی سەربازی لە بنکەی تەل ئەلئەحمەرەوە بەرەو گوندەکانی کۆدنە و تەل ئەبو قوبەیس پێشڕەوییان کرد، هاوکات هێزی زیادە لە تەل ئەبو ئەلغەیتەر جێگیرکران.
لە ئاسمانیشدا سوڕانەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بەسەر ئاسمانی دیمەشقدا چڕتر بووەوە، هاوکات دەورییەکان بۆ سەر ناوچەکانی بەریقە، ئوم بەتنە، بیر ئەلعەجەم، ئەلسەمدانییە و ئەلرویحینیە ئەنجامدران.
ئ.ح