شارپرێس:
ململانێی دەسەڵاتی تورکیاو ڕوسیا لەسوریا وەرچەرخانێکی مەترسیدار بەخۆیەوە دەبینێتو ئەگەری هەیە ببێتە هۆی تیرۆرکردنی سەرکردە سەربازییەکانی نزیک لەڕوسیا لەباشوری سوریا، ڕاپۆرتهكان دهڵێن، "لەگەڵ گۆڕانی هاوسەنگی هێز لەسوریا دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس، ئێستا سەرنج لەسەر ململانێی دەسەڵاتی نوێ لەنێوان ڕوسیاو تورکیادایە، بەتایبەتی لەباشوری ئهو وڵاته کە هاوسەنگی هێز بەشێوەیەکی بەرچاو لەبەرژەوەندیی ئیسرائیل گۆڕانکاریی بەسەرداهاتوە".
ڕاپۆرتێكى ڕۆژنامهوانى باسى لهوهكردوه، لەباشوری سوریا، بەتایبەتی لەناوچەکانی دهرعاو قونەیتهرە، سەرهەڵدانی ئەحمەد ئەلعەودە کە لەلایەن ڕوسیاوه پشتیوانیدەکرێتو کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر دانیشتوانی ناوچەکە هەیە، تورکیای نیگەرانکردوە، ئەمەش وای لەتورکیا کردوە بیر لهشێوازێكى دیكهى مامهڵهكردن لهگهڵ ئهو دۆخه بكاتهوه.
ئهحمهد عەودە لەشاری بسرەى شام لەپارێزگای دهرعا لەدایکبوە، لەزانکۆی دیمەشق ئەدەبی ئینگلیزی خوێندوهو دواتر چوهته ئیمارات، دوای سەرهەڵدانی شۆڕش لەساڵی 2011 گهڕاوهتهوه سوریا.
عەوده پەیوەندیی بەسوپای سوریای ئازادەوە کردوهو سەرکردایەتیی گەنجانی لیوای سوننەی کردوه کە دواتر بونە گروپێكى سەرەکی لەناو بەرەی باشوردا، ناوبراو پێشئەوەی لەساڵی 2018دا ڕێککەوتنی یەکلاکردنەوەی لەگەڵ ڕوسیا بکات، شەڕی داعشو ڕژێمی سوریاشی کردوه، لەبەرامبەردا چەکدارەکانی لەباشور لەژێر چاودێری ڕاستەوخۆی ڕوسیادا مانەوەو مۆسكۆ-ش چەکی قورسی خۆی پێدا.
لهو ڕاپۆرتهدا باس لهوهكراوه، دواتر عەوده بوەته فەرماندەی لیوای هەشتەم کە بەشێکە لەفەیلەقی پێنجی سوپای سوریا، بەڵام سەربەخۆیی فراکسیۆنەکەییو پەیوەندیی تایبەتی خۆی لەگەڵ لایەنی ڕوسی پاراستوه.
ئهوهش هاتوه، "عهوده ڕۆڵی سەرەکی بینیوه لەبەرەنگاربونەوەی شانەکانی داعش لەدهرعا لەساڵی 2022، كاتێك هێرشیكردهسهر چهكدارانى داعشو بەکوشتنی سەرۆکی گروپەکە ئەبو ئەلحەسەن ئەلهاشمی ئەلقورەشی کۆتاییهات.
ئهوهش ڕونكراوهتهوه، سەرەڕای پەیوەندییەکانی پێشوو و ئێستاى لەگەڵ ڕوسیا، دواتر پەیوەندییە ناوچەییەکانی لەدەرەوەی مۆسکۆ درێژبوەتهوە، لەلایەن بازرگانانی سوری لەکەنداو پشتیوانی زۆرى لێكراوه، دیارترینیان خالید ئەلمحامید بوە، ئەمەش پێگەی خۆی وەک هێزێکی ناوخۆیی بەهێزتر کردوە کە توانای کارکردنی هەبێت بەسەربەخۆیی ڕێژەیی لەهەمولایەنەکان.
ههر لهو ڕاپۆرتهدا زانیاریى زیاتر لهوبارهیهوه ئاشكراكراوهو دهڵێت، "لەدوای ڕوخانی ڕژێمی پێشوو لەدیمەشقو هاتنهسهر دهسهڵاتى ئەحمەد شهرع، ناوی عهوده لەبازنەی سیاسییو میدیایی هاتهوهگۆڕێ، بەتایبەت دوای سەردانە دوبارەکانی بۆ تەل شیهاب و بسرە ئەلشامو دیدارەکانی لەگەڵ کەسایەتییە ناوخۆییەکانی لادێکانی دهرعا".
سەرچاوە ئاگادارەکان باسیان لەوەکردوە، تورکیا نیگەرانه لەپەرەسەندنی کاریگەرییو هەژمونی ئیسرائیلو ڕوسیا لەباشوری سوریا، ئەمەش بوەتە هۆی دەستوەردانی دهزگاى هەواڵگری تورکیا ناسراو به(میت) کە فەرمانی تیرۆرکردنی ئەحمەد عەودەی دەرکردوە.
هەروەها سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەکردوە، (میت) بەرپرسانی دهستهى تەحریر شامی ڕاسپاردوە بۆ لەناوبردنی عەودەو ههڵوهشاندنهوهو لهباربردنى ههموو پلانهكانى ڕوسیا لەباشوری سوریا.
بهوتهى سەرچاوە ئاگادارەکان، لە 28ی تشرینی دوەمی ئهمساڵدا، لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی تورکیا داوای لەمیتى توركیا کردبوو ئۆپەراسیۆنێک بۆ لهباربردنى پلانەکانی ڕوسیا لەباشوری سوریا دەستپێبکات، لەو چوارچێوەیەدا شهرع ڕێنمایی بۆ یەکەی ژوری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی دهستهى تەحریر شام دەرکرد.
لەڕێنماییەکاندا هاتبوو، "تورکی ئەلجەمول، ئەحمەد ئەلعەوەرو عەبدولڕەحمان ئەلعید کە هەمویان سەرکردەی هەواڵگریی ناو گروپهكهى ئهحمهد شهرعن، ئەرکی تیرۆرکردنی ئەحمەد عەودەیان پێبسپێردرێت، هەروەها لەڕێنماییەکاندا ئامادەکاریی بەپەلە بۆ نەهێشتنی ئەحمەد عەودە کە نفوزی لەبسرەو باشوری سوریا هەیە، لەخۆگرتبوو، لەڕاپۆرتەکەدا کە دەزگای هەواڵگری تورکیا ئامادەیکردوە، ئاماژەی بەوەکردبوو، عەودە بریکارێکی ڕوسیاییهو مانهوهشى لهژیان، مەترسیهكى گهورهى ئەمنییه لهسهر سوریا".
لەڕاپۆرتی هەڵسەنگاندندا کە (میت)ى توركیا هەفتەیەک پێش ئێستا پێشکەشی لیژنەی ئاسایشی وڵاتهكهى کردبوو، وتبوى، "ئەمریکا هۆشداریى بهئیسرائیل داوه لەهەماهەنگی لەگەڵ ڕوسەکان لەباشوری سوریا، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە میت هەوڵدەدات فشاربخاتەسەر ئیسرائیل، لەڕێگەی ئەمریکاوە، بۆ ئەوەی ڕوسەکان لەناوچەکە دوربخاتەوە".
ههروهك میتى توركیا مهترسیى ئهوهشى نیشانداوه، بونی ڕوسیا لەباشوری سوریا، دەبێتە هۆی زیندوکردنەوەی میلیشیاکانی ئێران، بەئامانجی دابەشکردنی ناوچەکە لەگەڵ ئیسرائیل، سەرچاوە ئاگادارهكانیش وتویانه، "ئەو هەوڵە دیپلۆماسیانە سەرکەوتوو نەبون، لەگەڵ هاتنی دوایین یەکەی ڕوسیا بۆ باشوری ئەو وڵاتە، هەماهەنگی نێوان ڕوسیاو ئیسرائیل زیادیكردوهو ئەو فشارەی کە تورکیا هەوڵیدەدا لەڕێگەی ئەمریکاوە بیخاتەڕوو، شکستیهێناوهو لەئەنجامیشدا میت پەنای بۆ ئۆپەراسیۆنی هەواڵگریی بردوه لهڕێگهى ئهحمهد شهرعى سهرۆكى سوریاوه.
