ده‌م پارتى خۆى گه‌یانده‌ داواكارى گشتیى‌و سكاڵاى تۆماركرد

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2254 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

له‌دژى دروشمی ڕەگەزپەرستانەو سوکایەتیکردن بەناسنامەی ئافرەت لەیاریگاکانی تورکیا بەرامبەر به‌لەیلا زانا خانمە سیاسەتمەداری کورد، هاوسه‌رۆكانى ده‌م پارتى سكاڵاى یاساییان تۆماركرد، هاوسه‌رۆكان ئاشكرایانكردوه‌، سكاڵاكه‌ دژى هانده‌ران‌و یانه‌كانى (بورساسپۆر، ئەنقەرە گوجوو، سامسونسپۆر، گۆزتەپەو ڕیزەسپۆر) بوه‌.


تولای هاتیمئۆغولاری‌و تونجەر باکرهان هاوسەرۆکانی دەم پارتی، لەڕێگەی پارێزەرەکانیانەوە سەردانی داواکاری گشتیی ئەنكەرەیان کردو سکاڵایان لەسەر ئەو هێرشە ڕەگەزپەرستانەیە تۆمارکرد کە لەیاریگاکانی (بورساسپۆر، ئەنقەرە گوجوو، سامسونسپۆر، گۆزتەپە و ڕیزەسپۆر) دژی لەیلا زانا ئەنجامدراون.

لەسکاڵانامەکەدا، دەم پارتی داوای سزادانی هاندەران، بەڕێوەبەرانی یانەکان، ناوبژیوانان‌و تەنانەت نوێنەرانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا (TFF) دەکات، بەهۆی بێدەنگبونیان لەئاست ئەو سوکایەتییانە.

میدیاى نزیك له‌ده‌م پارتى ئاشكرایكردوه‌، لەبەشێکی سکاڵاکەدا هاتوە، "لەیلا زانا هیچ پەیوەندییەکی بەوەرزش‌و تۆپی پێوەنییە، بەڵام تەنها بەهۆی ناسنامەی کوردی‌و ئافرەتبونیەوە کراوەتە ئامانج، ئەم هێرشانە هەوڵێکی ڕێکخراون بۆ ڕەواکردنی توندوتیژیی‌و نایەکسانی‌و تێکدانی پڕۆسەی ئاشتیی‌و دیموکراسی لەوڵاتدا".

دەم پارتی ئاماژەی بەوەکردوە، ئەو دروشمانە لەلایەن هەندێک لایەنی سیاسییەوە ئاراستە دەکرێن‌و دەڵێت، "ئەوکارانە بەئەنقەست ڕێکخراون بۆ پەکخستنی هەوڵەکانی ئاشتی، بۆیە نابێت بەهیچ شێوەیەک چاوپۆشییان لێبکرێت".

بەشێکی دیکەی سکاڵاکە تایبەت کراوە بەئومیت ئۆزداغ سەرۆکی پارتی زەفەر، کە تۆمەتبارکراوە بەوەی لەڕێگەی سۆشیاڵ میدیا‌و بەکارهێنانی مارکەی "ئولوداغ گازۆز"ی تایبەت بەخواردنەوە گازییەکانەوە، کەمپەینێکی ڕەگەزپەرستانەی دژی گەلی کوردو کەسایەتییە سیاسییەکانی کورد دەستپێکردوەو هانی هاندەرانی داوە بۆ بڵاوکردنەوەی ڕق‌و کینە.

ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ى دەم پارتی لەکاتێکدایە، لە 16ی ئەم مانگە لەکاتی بەڕێوەچونی یاری نێوان هەردوو یانەی بوڕساسپۆرو سۆماسپۆر، لەلایەن هاندەرانی بوڕساسپۆر بەدروشم‌و وشەی نەشیاو بێڕێزی بەلەیلا زانا کرابوو.