شارپرێس:
بزوتنەوەی گۆڕان ( گردی
زەرگەتە ) پەیامێکی توند لەدژی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڵاودەکاتەوە و بە
دەستوەردان لەکاروباری ناوخۆیی گۆڕان تۆمەتباری دەکات.
بزوتنەوەی گۆڕان
(گردی زەرگەتە) لە رونکردنەوەیەکدا دەڵێت،" دوێنی بەرێز سەرۆکی هەرێمی
کوردستان، وەک نەریتی ساڵانە بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زایینی پیرۆزبایی لەپارت و
لایەنە سیاسییەکان کردوە، جڤاتی نیشتیمانی
بزوتنەوەی گۆڕان بەپێویستی دەزانێت، کە وێڕای پیرۆزبایی ساڵی نوێ، ئەم ڕونکردنەوەیە
بۆ ڕای گشتی بڵاو بکاتەوە پەیوەست بەو مامەڵەیەی سەرۆکایەتی هەرێم لەگەڵ بزوتنەوەی
گۆڕان دوبارەیکردوەتەوە ".
بزوتنەوەی گۆڕان (گردی زەرگەتە) باسی لەوەکرد،" پێویست بوو بەڕێز
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاگادار بێت، کە لە رێکەوتی ١٣ی ٤ی ٢٠٢٥ لەسەر بنەمای یاسا و بڕیاری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی
هەڵبژاردنەکان و فەرمانگەی پارت و رێکخراوە سیاسییەکان، ئەو کەسانە هیچ سیفەتێکی
قانونی و رێکخراوەییان لە بزوتنەوەی گۆڕاندا نیە و نوێنەرایەتی گۆڕان ناکەن، تەنانەت
خۆیان لە بەردەم هەموو کەناڵەکاندا بە ئاشکرا گوتیان تا ئەنجامدانی کۆنفرانسی نیشتیمانی
رێکخەر نین ".
ئەوەشیخستەڕوو،" ئەم کارە دەستێوەردانی
راستەوخۆیە لە کاروباری ناوخۆیی گۆڕان و لایەنگرییە لە گروپێکی لادەر لەدەستوری
ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان ".
لەڕاگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتوە،" پێویستە سەرۆکی هەرێم
پێش هەر کەسێکی دیکە ڕێز لە قانون بگرێت و دەستێوەردان لە کاروباری گۆڕاندا نەکات و نەبێت بە فاکتەری ناکۆکی و پەرتەوازەیی
زیاتر ".
ئەو باڵەی بزوتنەوەی گۆران راشیگەیاندوە،" هەمووان دەزانن
کە ساڵی رابردو بەهۆی خواستی دەستبەسەرداگرتن و دور لە بنەماکانی دیموکراسی و پێشێلکردنی
زەقی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ شەش مانگ کەسێک بریکارنامەی بۆ کرایەوە.
ئەو ماوەیە لە ١٣ی ٤ی ٢٠٢٥ بە قانون کۆتایهاتووە ".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا داوا دەکات،
دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان نەبنە بەشێک لەکێشەکان و وەک دامەزراوەی
حزبی بەکارنەهێنرێن بۆ دەستێوەردان لە کاروباری پارتە سیاسییەکان.
