سەرۆکایەتی هەرێم گڕ لەپەیوەندییەکانی هەردوو باڵەکەی بزوتنەوەی گۆڕان بەردەدات

کوردستان

25/12/2025‌ 1810 جار خوێندراوه‌ته‌وه

دوێنێ چوارشەممە سەرۆکایەتی هەرێم پەیامێکی پیرۆزبایی بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زاینی ئاراستەی باڵی کوردساتی بزوتنەوەی گۆڕان کرد، ئاراستەکەی دیکەی بزوتنەوەکەش ( گردی زەرگەتە ) پەیامێکی توندی لەدژی سەرۆکی هەرێم بڵاوکردەوە، باڵی کوردساتیش هاتەدەنگ و دژی گردی زەرگەتە وەستایەوە.

بزوتنەوەی گۆڕان/ ئاراستەی کوردسات لەڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت،" ئێوارەی ئەمڕۆ، 25ی 12ی 2025، گروپێکی کەمینە لە گردی زەرگەتە، جارێکی دیکە پەنایان بردەوە بەر بەکارهێنانی ناوی جڤاتی نیشتمانی بۆ بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، کە پەیوەندی بە ئیرادەی بزوتنەوەی گۆڕان و دامەزراوە شەرعییەکانییەوە نییە ".

ئەوەشیخستەڕوو،" ئەم گروپە بەپێی ئەنجامەکانی کۆنفرانسی نیشتمانی ساڵی ٢٠٢٤ کە لە گردی زەرگە، هەروەها هەردوو کۆنفرانسی ساڵی ٢٠٢٥، بە چاودێریی ڕاستەوخۆی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوەچوون، وەک گروپێکی کەمینە و  ئاژاوەگیڕ ناسێنراون و، مافی یاسایی و سیاسییان بۆ قسەکردن بەناوی بزووتنەوەی گۆڕانەوە نییە ".

ئاراستەی کوردساتی بزوتنەوەکە باسی لەوەشکرد،" لایەنە پەیوەندیدارەکان و دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، تەنها مامەڵەی سیاسی و کارگێڕی لەگەڵ سەرکردایەتی شەرعی بزوتنەوەی گۆڕان دەکەن، کە ئێستا مەکۆی سەرەکی لە گەڕەکی کوردساتی شاری سلێمانییە و بەڕێز دانا ئەحمەد مەجید، سەرکردایەتی دەکات ".

لەکۆتاییدا ئاراستەی کوردساتی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت،" ئێمە لە کاتێکدا جەخت لە پاراستنی بەهاکانی گۆڕانخوازی دەکەینەوە، ڕایدەگەیەنین کە کۆنفرانسی داهاتوو دەبێتە "سەنگی مەحەک" بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشە ناوخۆیەکان و ئێمە چاوەڕێین و تا گەڕاندنەوەی بزوتنەوەکە بۆ سەر ڕێڕەوی ڕاستەقینەی لە خزمەتکردنی خەڵک، لە هەوڵەکانمان ناوەستین ".