هاوپەیمانییەکی نوێی سەربازیی لەڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بۆ ڕوبەڕوبونەوەی تورکیا ڕاگەیەندرا

جیهان

10 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4648 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئیسرائیل ئیمزاکردنی ڕێککەوتنێکی سێ قۆڵی بۆ پتەوکردنی هاوکارییە سەربازییەکان لەڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست ئاشکراکرد، وه‌كو میدیاى ئه‌و وڵاته‌ نوسیویه‌تى، "هەنگاوه‌كه‌ بەئامانجی بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکانی تورکیاو بەهێزکردنی ئاسایشی ناوچەکەیە".


هەرچەندە ئەو واژۆکردنە هەفتەی ڕابردوو لەقوبرس ئەنجامدرا، بەڵام سوپای ئیسرائیل درەنگ ورده‌كاریی‌و ئامانجه‌كه‌ى ئاشکراکرد.

وه‌فده‌ ئیسرائیلیه‌كه‌ له‌لایه‌ن فه‌ریق ئه‌میت ئادلیر سه‌رۆكى فیرقه‌ى هاریکاری ده‌ره‌وه‌ى سوپای ئیسرائیل سه‌رۆكایه‌تى كراوه‌و  له‌نیقۆسیا له‌گه‌ڵ هاوتا یۆنانی‌و قوبرسییه‌کانی كۆبوه‌ته‌وه‌.

وه‌كو میدیاى ئیسرائیل وتویه‌تى، "ڕێککەوتنەکە بریتییە لەمەشقی هاوبەش‌و کاری تایبەتمەندو هەماهەنگی ستراتیژیی لەنێوان سوپای هەرسێ وڵاتدا".

ڕۆژنامه‌ى جورسلیم پۆست-ى ئیسرائیلى ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، ئه‌و هەنگاوە دوای لوتکەیەکی تایبەت دێت کە هەفتەی ڕابردوو بەبەشداریی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل‌و یۆنان‌و سەرۆکی قوبرس لەقودس بەڕێوەچوو، تیایدا ناتانیاهۆ جەختی لەتوانای هەرسێ وڵاتەکەی کردەوە بۆ بەرگریکردن لەبەرژەوەندییەکانیان‌و ڕوبەڕوبونەوەی هەر هەوڵێک بۆ هەژمونی ناوچەیی.

ڕۆژنامه‌كه‌ ئه‌وه‌شى ئاشكراكردوه‌، "واژۆکردنی ئەو پلانە نوێنەرایەتی هەنگاوێکی دیکە دەکات لەقووڵکردنەوەی هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان ئەو وڵاتانەو بەشداریش ده‌بێت لەبەهێزکردنی سەقامگیریی‌و ئاسایش‌و ئاشتیی لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا".

جه‌ختیشیكردوه‌ته‌وه‌، ئامانجی سه‌ره‌كى دەستپێشخەرییەکە ڕێگریکردنە لەچالاکییە سەربازییەکانی تورکیا لەناوچەکەداو كۆنترۆڵكردن‌و له‌قاڵبدانى.

پێگەی هەواڵی (تانایا)ى یۆنانی بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، "ئەو پێشنیازە کە ئیسرائیل‌و دوو وڵاتەکەی دیکە تاووتوێیان کردوە، داوای پێکهێنانی یەکەیەکی نزیکەی دوو هەزارو 500 سه‌ربازیى دەکات، به‌شێوه‌یه‌ك نزیکەی هەزار سەرباز لەیۆنان‌و هەزار سەرباز لەئیسرائیل‌و 500 سەربازیش له‌قوبرس".