شارپرێس:
مارک ساڤایا نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق، بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێی 2026وە، پەیامێکی توندی بڵاوکردەوە، ساڤایا لەپەیامەکەیدا تەنها بەپیرۆزبایی نەوەستاوه، بەڵکو هۆشدارییەکی ڕاستەوخۆی داوهته گەندەڵکارانو بەڵێنیداوه، "ئەمساڵ دەبێتە ساڵی عێراقێکی جیاواز".
نوێنەرەکەی ترەمپ لەپەیامەکەیدا ڕاشکاوانە ڕوی دەمی کردوهته ئەوکەسانەی دەستیان لەگەندەڵیدا هەیەو نوسیویهتى، "کاتی ئەوکەسانەی لەسەر خاکی عێراق گەندەڵییان دەکرد کۆتاییهات، ئێستا کاتی عێراقو عێراقییەکانە".
جەختیکردوهتهوه لهسهرئهوهى، کارکردنی ئەمریکا لەگەڵ حکومەتی عێراق تەنها لەچوارچێوەی دەستورو یاسادا دەبێت بۆ بونیادنانی داهاتویەکی گەش.
مارک ساڤایا لیستێکی وردی لەو گرفتانە خستەڕوو کە بڕیارە لەساڵی 2026دا کۆتاییان پێبهێنرێت، گرنگترین خاڵەکانی پەیامەکە بریتین لە:
ئاسایشو سەقامگیریی: کۆتاییهێنان بەچەکی بێسەروبەر، میلیشیاکان، گرژییە ناوخۆییەکانو دەستوەردانی دەرەکی.
جەنگی دژە گەندەڵی: بنبڕکردنی تاڵانکردنی سامانی وڵات، سپیکردنەوەی پارە، گرێبەستە وەهمییەکانو فێڵکردن لەیاسا.
خزمەتگوزارییو دادپەروەریی: چارەسەرکردنی قەیرانەکانی بێکاری، هەژاریی، نەخوێندەوارییو کۆتاییهێنان بەنادادییو ستەم.
ساڤایا لەپەیامەکەیدا ستایشی گەلی عێراقی کردوهو وتویهتى، "هێزو خۆڕاگریی ئێوە سەرچاوەی ئیلهامە بۆ جیهان، ساڵی نوێ دەبێتە ساڵی هەلی باشترو سەقامگیریی بۆ هەموو عێراقییەکان، جهختدهكهمهوه، ئامانجمان گۆڕینی عێراقە بۆ وڵاتێک کە جێگەی شانازیی بێت بۆ هەموو هاوڵاتییانی".
پەیامەکەی نوێنەری ئەمریکا بەدەستەواژەیەکی کورت هات كه دهڵێت، "ئێمە ئێستا دەستپێدەکەین"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێو کردارەکی لەپەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆنو بەغدا.
