وەزارەتی دەرەوەی سوریا سوپاسی بارزانی دەكات

کوردستان

18 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1028 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:
 وەزارەتی دەرەوەی سوریا لە راگەیەندراوێكدا رونكردنەوە لەبارەی هێرشەكانی سەر گەڕەكە كوردییەكانی حەلەب  دەدات  و هاوكات سوپاسی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی و چەند لایەنێكی نێودەوڵەتی دەكات.

وەزارەتی دەرەوەی سوریا سوپاسی ئەمریكاو سعودیەو قەتەرو توركیاو و فەرەنساو بەریتانیا ‌و مەسعود بارزانی دەكات كە بەوتەی خۆیان رۆڵی كارایان لە پشتیوانیكردن لە سەقامگیری سوریادا هەبووە.

وەزارەتی دەرەوەی سوریا دەڵێت، هێرشەكە ئۆپەراسیۆنی سەربازی نەبووە‌و هیچ گۆڕانكارییەكی دیمۆگرافی لەسەر بنەمای ئاینی و رەگەزی رونادات، بەڵكو سنووردارە بە گروپە چەكدارەكان كە لە دەرەوەی هەر چوارچێوەیەكی ئەمنی ڕێككەوتن لەسەر كراو كاردەكەن، كە چالاكییەكانیان ڕێگری لە جێبەجێكردنی لێكتێگەیشتنەكانی پێشووتر كردووە و پەیوەست بووە بە پێشێلكارییەكانیان.

وەزارەتەكە لە درێژەی قسەكانیدا وتی: هاوتەریب لەگەڵ ئەم ڕێوشوێنانە، دەوڵەتی سوریا ئەولەویەتی سەرەكیی داوە بە پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی لەڕێگەی دامەزراندنی خاڵەكانی بەرپەرچدانەوەو كردنەوەی ڕێڕەوی مرۆیی سەلامەت بە هاوكاری لەگەڵ ڕێكخراوە مرۆییەكان، حكومەت دەست دەكات بە دیاریكردنی ناوچە زیانلێكەوتووەكان و لابردنی پاشماوەی  شەڕ وەك هەنگاوێكی سەرەتایی بەرەو گەڕاندنەوەی دۆخی ئاسایی بۆ ژیانی مەدەنی.

وەزارەتەكە ڕوونی كردەوە كە ئەو ڕێوشوێنانەی گیراونەتەبەر  كۆمەڵگەی كورد ناكەنە ئامانج، كە بە بەشێكی دانەبڕاو لە پەیكەری كۆمەڵایەتی حەلەب و هاوبەشێكی چالاك لە دامەزراوە نیشتمانییەكان دادەنرێت. گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی تایبەتی دەوڵەت بەسەر چەكدا، مەرجێكی بنەڕەتییە بۆ پشتگیریكردن لە سەقامگیری و پرۆسەی سیاسی.