لێکۆڵینەوەیەکی بەریتانی: بەکارهێنانی شاشە، توانای قسەکردنی منداڵان کەمدەکاتەوە

هەمەڕەنگ

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 926 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لێکۆڵینەوەیەکی نوێی بەریتانی کە لەلایەن ڕۆژنامەی تێلیگرافەوە بڵاوکراوەتەوە، دەریخستووە کە زۆر مانەوەی منداڵانی ساوا لەبەردەم شاشەکاندا زیانێکی گەورە بە توانای ئاخاوتن و گەشەی ژیرییان دەگەیەنێت.

 
توێژینەوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە منداڵانی تەمەن 2 ساڵ لەبەریتانیا رۆژانە بەتێکڕا نزیکەی 127 خولەک لەبەردەم تەلەفزیۆن و ئامێرە زیرەکەکاندا بەسەر دەبەن، کە ئەمەش دوو هێندەی ئەو کاتەیە کە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی پێشنیاری کردووە.

ئەنجامەکان ئەوەیان دەرخستووە ئەو منداڵانەی رۆژانە 5 کاتژمێر لەبەردەم شاشەدان، ئاستی وشەسازییان زۆر لاوازترە و وشەی کەمتریان لەچاو ئەو منداڵانە لا کۆبۆتەوە کە کەمتر لەکاتژمێرێک شاشە دەبینن.

شارەزایان پێیان وایە ئەم دیاردەیە کاتی گفتوگۆی ڕاستەقینە لە نێوان منداڵ و دەوروبەرەکەی کەم دەکاتەوە، کە بنەمای سەرەکی فێربوونی زمانە. جگە لە کێشەی زمان، دەرکەوتووە 39%ی ئەو منداڵانەی زۆر سەیری شاشە دەکەن، تووشی کێشەی ڕەفتاری و سۆزداریی دەبن.

هەروەها توێژینەوەکە جەخت دەکاتەوە کە منداڵانی خێزانە کەم دەرامەتەکان زیاتر کات لەبەردەم شاشەدا دەفەوتێنن، ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر نمرەکانی خوێندنەوە و ماتماتیکیان لە داهاتوودا دروست دەکات.

بەپەلە