شارپرێس:
دوای پەخشنەکردنی چاوپێکەوتنێکی ئەحمەد شەرع لە کەناڵی ئاسمانی "شمس"ی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڕێوەبەری کەناڵەکە داوای لێبوردن لە سەرۆکی سوریا دەکات و دەڵێت،" بەهۆی ئەوەی پێمان وابوو پەخشکردنی بەرنامەکە دۆخەکەی ئاڵۆزتر دەکرد، بڕیارماندا پەخشی نەکەین ".
ئیلی ناکوزی، بەڕێوەبەری گشتی کەناڵی "شمس" لەچاوپێکەوتنێکدا لەکەناڵەکەی ئاماژەی بەوەکرد،" شەوی شەڕەکەی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە راوێژکارێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان ئاگاداری کردمەوە کە ئەحمەد شەرع پێیخۆشە لە کەناڵێکی میدیایی کوردی نزیک لە مەسعود بارزانییەوە دەربکەوێت و پەیامێکی هەیە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و ساڕێژکردنی برینەکان، چونکە ئەو پێیوابوە دوژمنایەتی نێوان عەرەب و کورد لە سوریا گەیشتوەتە ئاستێکی مەترسیدار ".
بەڕێوەبەری کەناڵەکەی پارتی باسی لەوەکرد،" سەرەتا دوودڵ بوم لە ئەنجامدانی ئەو چاوپێکەوتنە و پێموابوو کە ئەگەر رۆژنامەنوسێکی کورد چاوپێکەوتنەکە ئەنجامبدات رەنگە باشتر بتوانێت گوزارشت لە نەهامەتییەکانی گەلی کورد بکات، بەڵام دواتر راوێژم لەگەڵ هاوکارانم کرد و وتیان نەخێر، ئەگەر کەسێکی لوبنانی مەسیحی وەک من چاوپێکەوتنەکە بکات، دەتوانێت بابەتییانەتر چاوپێکەوتنەکە بکات ".
ئەوەشیخستەڕوو، بۆ بەرەبەیانی رۆژی دواتر بە فڕۆکە چوینە ئوردن و لەوێوە لەڕێی وشکانی چوینە ناو خاکی سوریا و چاوپێکەوتنەکەمان ئەنجامدا، بۆم دەرکەوت کە ئەحمەد شەرع کارێزمایەکی بەرزی هەیە و کەسێکی زیرەکە، سەرباری ئەوەی کەسێکی سەربازی بوە، پاشخانێکی فیکری و رۆشنبیری فراوانی هەیە، پێش چاوپێکەوتنەکەش وتی هەر پرسیارێک دەکەیت سەربەستی.
لەبارەی چاوپێکەوتنەکەوە ئاماژەی بەوەکرد،" زۆره هەوڵمدا پەیامێكی هێوركردنەوەی دۆخەكەی لێوەربگرم بەڵام
ئەو تا دەهات توندتر دەبوو ، قسەكانی وەك ئاگاداركردنەوەی كۆتایی وابوو بۆ
هێزەكانی سوریای دیموكرات ، بە راشكاوانە وتی سوریا دەوڵەتێكی یەكگرتووەو
هیچ هێزێكی تر قبوڵناكەم لە دەرەوەی سوپای سوریا ".
بەڕێوەبەری کەناڵەکە ئاشکراشیکرد، دوای تۆمارکردنی بەرنامەکە لەگەڵ هاوکارانم گفتوگۆمانکرد لەبارەی لێکەوتەکانی پەخشکردنی ئەو بەرنامەیە، بۆیە سەرجەممان پێمانوابوو کە پەخشکردنی کێشەکان گەورەتر دەکات و برینی گەلی کورد قوڵتر دەکاتەوە، چونکە زۆر بە توندی دژی هەسەدە قسەی دەکرد.
وتیشی،" داوای لێبوردن لە ئەحمەد شەرعی سەرۆکی سوریا دەکەین کە بەرنامەکە پەخش نەکرا ".