ئاسایش مامۆستا ئاینیەكە دەستگیردەكات و دەڵێت: دەستەواژەی نەشیاوی بەكارهێناوە

کوردستان

10 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 738 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئاسایشی سلێمانی دەستگیركردنی مامۆستا ئاینییەكەی مزگەوتی بەختەوەری ڕاگەیاندو ئاسایشی هەرێمیش دەڵێت،" لەوتارەکەیدا، هەندێک دەستەواژەی نەشیاوی بەرامبەر کوردانی ڕۆژئاوا بەکارهێناوە".

 
کارزان شێرکۆ، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕایگەیاند، نیوەڕۆی ئەمڕۆ 16-01-2026 لەمزگەوتی بەختەوەریی گەڕەکی ڕاپەڕینی شاری سلێمانی، وتاری ڕۆژی هەینی بوە هۆی دروستبونی ناڕەزایی و گرژی و ئاڵۆزی لەمزگەوتەکەدا.
 
وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم دەشڵێت، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی دەستبەجێ بۆ کۆتاییهێنان بەئاڵۆزییەکان، "وتاربێژەکەیان گواستەوە بۆ ئاسایشی سلێمانی".
 
کارزان شێرکۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، "(هەڤاڵ فارس مەولود) پیشەی ئەندازیارەو خۆبەخشانە وتاربێژی (مزگەوتی بەختەوەری)یە، دوای لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت ناوبراو لەوتارەکەی ئەمڕۆیدا هەندێک دەستەواژەی نەشیاوی بەرامبەر بەکوردانی ڕۆژئاوا بەکارهێناوە، ئەمەش بوەتە هۆی ناڕەزایی لای نوێژخوێنانی ئەو مزگەوتە".
 
بەپێی وتەی وتەبێژی دەزگاکە، ئێستا ئەو مامۆستا ئایینییە بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش تۆمەتبارە بەماددەی (240) لەیاسای سزادانی عێراقی و ڕاگیراوەو لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکەی بەردەوامە.