وادەی هێرشی سەر ئێران دیاریكرا

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 5208 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئاژانسی رۆیتەرز لەزاری كاربەدەستێكی ئەوروپییەوە بڵاویكردەوە ئەگەری بەهێز هەیە لە ماوەی 24 كاتژمێری ئایندەدا هێرشی سەر ئێران دەستپێبكات.

هەروەها رۆژنامەی نیویۆرك تایمز بڵاویكردەوە هێرشی ئەمریكا بۆ سەر ئێران زۆر نزیكە و رەنگە هێرشی ئەلیكترۆنی بكرێتەسەر ئێران هاوكاتی هێرشی سەربازی و هەرەها 50 ئامانجی ئێرانیش دراوەتە ترەمپ.

لەلایەكی دیكەوە ئێوارەی ئەمڕۆ هێزەكانی ئەمریكا بنكەی عودەیدەیان لەقەتەر چۆڵكرد لەرێوشوێنێكی خۆپارێزدا لەچوارچێوەی گرژییەكانی ناوچەكەدا بەگوێرەی ئەو رونكردنەوەی دۆحە داویەتی و رۆیتەرز بڵاویكردووەتەوە.

بەگوێرەی رونكردنەوەكە، دۆحە تەواوی رێوشوێنە پێویستەكانی گرتوەتەبەر بۆ پاراستنی قەتەریی و بیانییەكان لە هەر دۆخێكی نەخوازراو، ئەوەش لەبەرچاوگرتنی ئەو هێرشە مووشەكییەكەی تاران لە جەنگی دوازدە رۆژەدا  لەساڵی رابردوودا لەكاردانەوە بە هێرشی ئەمریكا بۆ سەر بنكە ئەتۆمییەكانی، كردییە سەر دۆحە.

هاوكات هێزە بەریتانییەكانیش لە قەتەر كشانەوە لەچوارچێوەی ئەو مەترسییانەی بەهۆی هەڕەشەكانی ئێرانەوە بۆ وڵاتانی ناوچەكە دروستبووە.

كاربەدەستانی ئێرانی وڵاتانی ناوچەكەیان ئاگاداركردووە لە هەر هێرشێكدا بۆ سەر ئێران تاران بنكەكانی ئەمریكا لەوڵاتانی ناوچەكە دەكاتە ئامانج.

دوێنێ قەتەر و سعودییە و عومان خوازیار بوون لە ترەمپ هێرش نەكاتە سەر ئێران چونكە رەنگە نرخی نەوت بەرز بكاتەوە، داواكارییەك رەنگ لەسەر خواستی تاران بووبێت، چونكە تاران داوای لە وڵاتانی ناوچەكە بەتایبەت كەنداو كردبوو كە رێگری لە هێرشی ترەمپ بكەن.

لەم چوارچێوەیەدا هەر زوو سعودییە تارانی ئاگاداركرد كە رێگانادرێت زەوی و ئاسمانی عەرەبستان بۆ هێرشی سەر ئێران بەكاربهێندرێت.

بەگوێرەی نوێترین زانیارییەكان لەئیسرائیلەوە فڕۆكە تایبەتەكەی ناتانیاهۆ لەبەر مەترسی كردنەئامانجی بۆ دورگەیەكی یۆنان گوێزرایەوەو ئەوپەڕی ئامادەباشی راگەیەندراوە.

هەروەها هێڵی ئاسمانی لوفتهانزای ئەڵمانی رۆژی پێنجشەممە دەست بەگواستنەوەی كارمەندەكانی لە ئیسرائیل دەكات.

كەناڵی چواردەی ئیسرائیل بڵاویكردەوە چاوەڕێدەكرێت لەگەڵ رووخانی دەسەڵاتەكەی ئێران زۆر بەزوویی حیزبوڵای لوبنانیش هەرەس بێنێت.

هاوکات لەپەیامێکدا ترەمپ دەڵێت، تکایە خۆتان لە شوێنی پارێزراو بپارێزن و وریا بن، بۆمباران لە هەر ساتێکدا بێت دەست پێ دەکات.
ئ.ح