هۆكارى خۆڕاگری کۆماری ئیسلامی ئێران چییە؟

توێژینەوە و شیکاریی

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 72 جار خوێندراوه‌ته‌وه

بەختیار ئەحمەد ساڵح
پێشەکی
ئێران شایەتحاڵی یەکێک لە توندوتیژترین شەپۆلەکانی ناڕەزایەتییە لە دوای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامییەوەیە لە دواى ساڵی ١٩٧٩، کە ژمارەیەکی بێ وێنەی کوژراو و دەستبەسەر و گوشارە دەرەکییەکان هاوکاتە لەگەڵ هەڕەشە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل. لەگەڵ ئەوەشدا پێکهاتەی ڕژیم وەک خۆی ماوەتەوە و هیچ نیشانەیەکی ڕوونی هەرەسهێنان تیایدا دەرنەکەوتووە. ئەم نوسینە هەوڵ دەدات لە هۆکارەکانی خۆڕاگری سیاسیی ڕژیمی ئێران بکۆڵێتەوە، سەرەڕای زیادبوونى ژمارەى قوربانییەکان و چوونە ژێرپرسیاری شەرعییەت وتوانای ئابووریی.
هاوکێشەی مانەوەی تاکڕەوانە لە ئێراندا
فاکتەری یەکلاکەرەوەی ڕووخانی ڕژێمە تاکڕەوەکان قەبارەی ناڕەزایەتییەکان نییە، بەڵکو دابەشبوونەکانی ناو نوخبەی دەسەڵاتدارە. لە پرسی ئێراندا، نە لە ناو سوپای پاسداران و نە لەناو هێزەکانى دیکەى وەک ئەرتەش و بەسیج دا هیچ دابەشبوونێک سەریهەڵنەداوە. سەرکردایەتیی سەربازى-هەواڵگرى هێشتا مانەوەی ڕێژیم وەک زامنێکی وجودی بۆ بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی خۆی دەبینێت. ڕووخانی ڕژێمەکان لەو کاتەوە دەست پێدەکات کە هێزە سەربازییەکان تەقەکردن ڕابگرێت، ئەمەش لە ئێران تا ئێستا ڕووی نەداوە.
پێکهاتەی ئەمنی فرە چین
ئێران دەوڵەتێکی پۆلیسی تەقلیدی نییە، بەڵکو دەوڵەتێکی ئەمنی ئاڵۆزە، سوپای پاسداران، سوپاى فەرمى، بەسیج، دەزگای هەواڵگری و یەکەکانی ئاسایشی ناوخۆیی. ئەم سیستمە خاوەن هێزێکى نزیکەی یەک ملیۆنییە، ئەمەش وا دەکات کۆنترۆڵی دەرەکی یان داڕمانی خێرا بەبێ هەڵوەشاندنەوەی ناوخۆیی مەحاڵ بێت.
بۆچی ژمارەی کوژراوەکان بەس نییە بۆ ڕووخاندنی ڕژێم؟
بە پێچەوانەی باوەڕی باوەوە، ژمارەی زۆرى قوربانییەکان بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی نابێتە هۆی هەرەسهێنان، بەڵکو لەوانەیە لە ئەنجامدا  ببێتە هۆى ئاساییکردنەوەی توندوتیژی، ماندوێتی گشتی، و سەرکەوتنی لۆژیکی مانەوە بەسەر لۆژیکی شۆڕشگێڕیدا. لە ڕووی مێژووییەوە ڕژێمەکانی وەک سوریا (دوای ساڵی ٢٠١١)، ڤەنزوێلا، کۆریای باکوور دەریانخستووە کە سەرکوتکردنی خوێناوی دەتوانێت مانەوە مسۆگەر بکات.
ناڕەزایەتیەکان بەبێ ناوەندێکی سیاسی
لە خاڵە لاوازەکانی جوڵانەوەى ناڕەزاییەکان، نەبوونی سەرکردایەتی یەکگرتوو، نەبوونی بەرنامەیەکی سیاسی جێگرەوە، نەبوونی باڵی دانوستان یان ئەنجومەنی ڕاگوزەرە، ئەمەش ناڕەزایەتییەکە سنووردار دەکات لە چوارچێوەى فشاری ئەخلاقی و جەماوەری بەبێ ئەوەی بگۆڕێت بۆ پڕۆژەی دەسەڵات.
مانەوە یەکسان نییە بە سەقامگیری
ڕژیمی ئێران سەرەڕای خۆڕاگری، ڕووبەڕووی قەیرانێکی قووڵی پێکهاتەیی بۆتەوە، داڕمانی درێژخایەنی ئابووری، لەدەستدانی نزیکەی تەواوی شەرعیەتی جەماوەری، هەرەسهێنانى بەرەى موقاوەمە لە ڕووی ناوچەییەوە و فشارە سەربازییە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکان. جگە لەوەش ئەم سەرکوتکردنەی ئێستا، لە سەرمایەی سیاسی ڕژیم کەمدەکاتەوە.
ڕۆڵی هۆکارە دەرەکییەکان – هەڕەشە یەکلانەکراوەکان
هەڕەشەکانی ترەمپ بوونەتە بەرزکردنەوەی ئاستی دڵەڕاوکێ لەناو ڕژیمدا، بەڵام نەبوون بە بۆ ستراتیژێکی ڕوون بۆ گۆڕینی ڕژێم.
سنووری مۆدێلی ڤێنزوێلا: بژاردەی لابردنی سەرۆکی ڕژیم و لە هەمان کاتدا پاراستنی پێکهاتەکە هەندێک جار دەخرێتە ڕوو، بەڵام ئێران لە ڕووی جوگرافیاوە گەورەترە، لە ڕووی نەتەوەییەوە ئاڵۆزترن لە ڕووى هێزى سەربازییەوە یەکگرتووتر و هەر دەستێوەردانێکی سەربازی دەتوانێت ببێتە هۆی دروستبوونى ململانێی نەتەوەیی (کورد، بەلوچ، عەرەب) و پتەوکردنی دەسەڵاتى سوپای پاسداران لەبری لاوازکردنی.
کەی هەرەسهێنان ڕوو دەدات؟
 هەرەسهێنان کاتێک ڕوو دەدات کە سێ ڕەگەز ئامادەبێت، دابەشبوون لەناو هێزى دەسەڵاتدا، گۆڕینی ناڕەزایەتییەکان بۆ پڕۆژەیەکی سیاسی ڕێکخراو، بێتوانایی ڕژیم لە بەرگەگرتنى تێچووی ئابووری و ئەمنییەتی سەرکوتکردن، هەروەک دیارە تا ئێستا ئەم سێ ڕەگەزە بەدیهاتووە.
دەرەنجام
کۆماری ئیسلامی نەکەوتووە، چونکە هێشتا لە ناوەوە نەشکاوە. بەڵام لەهەمانکاتدا جێگیریش نییە. ئەوەی ئێمە بینەری هەین، قۆناغی مانەوەی ناجێگیرە، نەوەک قۆناغى بەدەستهێنانەوە هێز. ناڕەزایەتییەکانی هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستی هەرەسپێهێنان، بەڵام ڕژێمی خستۆتە لێوارى مەترسیدارترین قۆناغی بوونگەرایی لە دواى ساڵی ١٩٧٩ەوە.