لەئێران پێكدادانی حەشدی شەعبی و هێزە كوردییەكان نزیكە

ڕاپۆرت

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1918 جار خوێندراوه‌ته‌وه



شارپرێس:
 لە پارێزگاكانی كرماشان و ئیلام جموجۆڵی چەكداری هێزە كوردییەكان دەستیپێكردووە هاوكات لەگەڵ بڵاوەپێكردنی چەند گروپێكی حەشدی شەعبی عێراقی لەناوچەكە بۆ سەركوتكردنی خۆپیشاندانەكان، ئەوەش ئەگەری پێكدادانی نێوان هێزە چەكدارییە كوردییەكان و حەشدی شەعبی زیاتر بووە.

لە راگەیەندراوێكدا سوپای میللی كوردستان باڵی سەربازی پارتی ئازادی كوردستان كە دوێنێ بڵاویكردووەتەوە، دەڵێت "ئەگەرچی دوژمنی داگیركەر بە دەیان هەزار چەكداری ئێرانیی و هەزاران چەكداری حەشدی شەعبی، بۆ كپكردنی دەنگ و سەركوتكردنی ڕاپەڕینی نەتەوەكەمان و تێكشكاندنی بەرەنگاریی قارەمانانەی یەكینەكانی سوپای میللیی كوردستان هێناوەتە مەیدان، بەڵام نەتەوە خۆڕاگرەكەمان دەنگی هەروا پڕخرۆش و هەنگاوی هەروا قایمە. سوپاكەشمان، لە تەنیشت خەڵكە قارەمانەكەمانەو  هەر جارێ لە شارێك و لە شوێنێك هەڵمەت دەباتە سەر بنكە و پێگەكانی داگیركەران".

لەبەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتووە "هەڵمەتی ئەمجارە تۆڵە كردنەوەی  هەڤاڵە شەهیدەكانمانە. هەڤاڵانی شەهیدمان لە نەبەردەكانی دەڕەدرێژ، ئەمجارە هەڵمەتی یەكینەكانی گوردانی داڵاهوو و گرتن و تێك و پێك دانی بارەگای «فیروز سەفەری»ی سوپای پاسداران هەڵكەوتوو لەباوە كۆسەی زمكانی  كرماشانە".

هەروەها لە راگەیەندراوەكەدا، "سێ تیم لە یەكینەكانی داڵاهوو، لە تۆڵەی شەهیدانی «دەڕە درێژ»، لە دوو لاوە دوژمنی داگیركەریان دایە بەر تەقە و تیمێكیشیان خۆیان گەیاندە ناو پێگەكەی دوژمن كە دەرفەتی دەستكردنەوەیان لێ زەوت كردن. لە ئاكامی ئەو هەڵمەتە گورج و خێرایەدا، ئەوەی كوژرا، كوژرا و ئەوەی فریا كەوت ڕایكرد و دەست بەسەر بنكەكەدا گیرا".

هاوكات ئەمڕۆ چوارشەممە كەناڵی سی ئێن ئێن-ی ئەمریكایی  و زۆر لە ئاژانس و كەناڵە جیهانییەكان، راگەیەندراوێكەیان بڵاوكردەوە كە هێزێكی كوردستانی دەستیان بەسەر بارەگایەكی سوپای پاسداراندا گرتووە لە سنووری كرماشان.

لەلایەكی دیكەوە سێ سەرچاوەی ئاگادار لەو بابەتە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، گرووپە چەكدارە كوردییەكان هەوڵیانداوە لە سنوورەكانی عێراقەوە بپەڕنەوە بۆ ئێران، توركیاش تارانی لەم هەنگاوە ئاگاداركردووەتەوە و هۆشداری پێداوە.

یەكێك لەسەرچاوەكان بەرپرسێكی ئێرانییە و بۆ رۆیتەرز پشتراستیكردووەتەوە كە توركیا هۆشداری پێداون لە دزەی هێزە كوردییەكان و تێكهەڵچوونیش لەنێوان سوپای پاسداران و ئەو گرووپانەدا روویداوە.

تا ئێستا بەفەڕمی نە دەزگای هەواڵگری توركیا و نە سەرۆكایەتی توركیا هیچ لێدوانێكیان لەسەر ئەو بابەتە نەداوە. ئەنقەرە مەترسی جوڵانەوەی نوێی كوردی لە پارچەیەكی دیكەی كوردستان هەیە بەهۆی گرژییەكانی ئێرانەوە و ئەوەش بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەزانێت.

دوێنێ دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپە لە گوتاری هەفتانەی خۆیدا لە فراكسیۆنەكەی لەپەرلەمانی توركیا هۆشداریدا كە رەوشی ئێران و گرژییەكان بۆ توركیا بابەتی مان و نەمانە و مەترسی بۆ سەریان پێكدەهێنێت.

هاوكات لەگەڵ نزیكبوونەوەی لێدانی ئێران لەلایەن ئەمریكاوە، تاران داوا لە عێراق دەكات سنوورەكانی خۆی تۆكمە بكات.

هاوكات بەرپرسە ئێرانییەكە دەڵێت "گروپی چەكداری كوردی لە توركیا و عێراقەوە پەڕیونەتەوە نێو ئێرانەوە، بۆیە تاران هۆشداری داوە بە هەردوو وڵات سنورەكانیان تۆكمە بكەن".

لەلایەكی دیكەوە چەند سەرچاوەیەكی نزیك لە پارتی ژیانی ئازادی كوردستان پژاك ئاشكرایانكردووە، كە هێزە چەكدارەكانی ئەوانیش بەتایبەت ئەوانەی نێوخۆی وڵات لە كرماشان و ئیلام چالاكیان هەیە.
ئ.ح