دێرحافر، شێخ مەقسود و ئەشرەفیە، كاریگەرییەكانی لەسەر هێڵی گەشەپێدانی نەخشەی وزە

توێژینەوە و شیکاریی

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 132 جار خوێندراوه‌ته‌وه

راپۆرتی شیكاریی - كوردۆ فەرەج:

بۆچی هێزەكانی هەسەدە لەشەڕی "شێخ مەقسود" و "ئەشرەفیە" بەشدارنەبوون؟ دواین پێشنیازی ئەمریكا لەبارەی هێزەكانی هەسەدە لە حكومەتی داهاتووى سوریا چییە؟ گرنگی شارۆچكەی "دێرحافر" بۆ هێزەكانی هەسەدە چییە؟
ئاڵۆزی و شەڕە خوێناوییەكەی ئەم دواییەی گەڕەكەكانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لە شاری حەلەب، گرژییەكانی ئێستای دێرحافر بووەتە یەکێک لە گرنگترین بابەتەکانی ئاسایش و سیاسیی و بابەتی گەرمی میدیا لە ناوخۆ و دەرەوەدا. ئەم ناوچانە نەک تەنیا گرنگییان بۆ هێزەکانی هەسەدە و حکومەتی سوریا هەیە، بەڵکو کاریگەرییان بە شێوەی ڕاستەوخۆ بۆ پرسی بۆری غاز و ئاسایشی نەخشەی وزەی ناوچەكەش هەیە.
شیخ مەقسود و ئەشرەفیە كاریگەرییان لەسەر ئارامی حەلەب:
ئەو شەڕەی لەماوەی ڕابردوودا روویدا، لەشاری حەلەب لەناویدا هەردوو گەڕەكی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود كە دەكەوێتە باكووری شاری حەلەب، زۆربەی دانیشتووانی کوردن، بەڵام عەرەب و کەمینەکانی تریش تێیدا نیشتەجێن، ئەم دوو گەڕەکە بە شێوەیەكی گشتی ناوچەی سەرەکیی كوردنشینە لەحەلەب، ئەم ناوچانە گرنگن، چونکە نیشاندەری جۆرێکی ڕێکخستنی جیاوازە لەناو حەلەب، کاریگەری لەسەر ئارامی حەلەب و پەیوەندییەکانی ناوخۆیی هەبوو، دوای ساڵی  2016ەوە، پەیوەندی نێوان ئەم گەڕەکانە و دەسەڵاتی ناوەندی سوریا ڕێکخراو و هاوبەش بوو لە هەندێک بابەتدا.
كاریگەریی سیاسیی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە و دێرحافر بۆ كورد:
یەکێکن لە ناوچە کوردییەکان کە خۆبەڕێوەبردنی مەدەنییان هەیە لە دڵی شارێکی گەورەی عەرەبیدا. دەیسەلمێنن کە کورد دەتوانێت بەشێکی کاریگەربن لە حكومەتی داهاتووی سووریادا، نە تەنیا لە ناوچە سنوورییەکان، بەڵكو لەتەواوی سوریادا، پەیوەندی دێرحافر بە شێخ مەقسود و ئەشرەفیە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ نییە، بەڵکو پەیوەندییەکی ستراتیژییە، ئاسایشی و هەمەهەنگی ناو شاری حەلەبە لە ڕووی پەیوەندی ستراتیژی لە چوارچێوەی حەلەبدا، دێرحافر لە ڕۆژهەڵاتی حەلەب دایە و یەکێکە لە ناوچە گرنگەکان بۆ کۆنترۆڵی ڕێگاکانی هاتووچۆی گەڕەكەكانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لە باکووری شاری حەلەب و کاریگەرییان هەیە لە سەقامگیری ناو شارەكە.
ئارامی دێرحافر بریار لەسەر ئارامی حەلەب دەدات:
کۆنترۆڵی ئاسایشی دێرحافر یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی هێرش لەسەر شاری حەلەب و پاراستنی ئارامی ناوچەکانی باکووری ئەو شارە، بە تایبەتی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە، پەیوەندی ئەمنی هەبووە لە ماوەی جموجۆڵ و چالاکییەكانی داعش، دێرحافر بنکەیەکی سەرەکی بوو بۆ هێرش بۆ ناو حەلەب و شێخ مەقسود و ئەشرەفیە زۆر جار بوونە ئامانجی هێرشەکان، لەڕووی پەیوەندی ئابووری و پێكەوەیی  دێرحافر ناوچەیەکی کشتوکاڵییە و دابینکەری خواردنە بۆ حەلەب و ئارامی ناوچەکە کاریگەری هەیە لە ژیانی هاوڵاتیانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە و شاری حەلەب، بە تایبەتی لە نرخی خواردن و بە دەستگەیشتن بە بازاڕ، بۆیە سەقامگیری دێرحافر یارمەتیدەرە بۆ ژیانی ڕۆژانەی ئەم دوو گەرەکە بە تایبەتی و تەواوی حەلەب.
"دێرحافر" شارۆچكەیەكە بە دووری 50 كم لەشاری حەلەبەوە دوورە و دەكەوێتە رۆژهەڵاتی شارەكەوە، رێگایەكی ستراتیژییە لە نێوان حەلەب و رەقە و ناوچەكانی فۆرات بەیەكەوە دەبەستێتەوە.
گۆڕانکارییەکانى دەسەڵات لە دێرحافر و کاریگەرییە سەربازییەکانى:
لەڕووی پەیوەندی سیاسیی و هاوسەنگی هێزەوە، دێرحافر و شێخ مەقسود و ئەشرەفیە، لە ناو هاوسەنگی هێزەکان لە حەلەبدا جێگایان هەیە، هەر گۆڕانکارییەکی دەسەڵات لە دێرحافر دەتوانێت کاریگەری هەبێت لەفشارە سەربازییەکان لەسەر شێخ مەقسود و ئەشرەفیە، پەیوەندییەکی ناڕاستەوخۆ، بەڵام گرنگە بە ڕادەیەك سەقامگیری دێرحافر یەكسانە بە ئارامی ڕۆژهەڵاتی حەلەب و کەمبوونی هێرش بۆ ناو شارەكەو پاراستنی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە و ژیانی هاوڵاتییان.
رۆڵی ئەمریكا لە وەستاندنی شەڕ لە دێرحافر:
دوای ئەوەی هێزەكانی سوریا لە دوای گەڕەكەكانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە، ژمارەیەكی زۆر لە هێزەكانی سوریا و چەكی قورس و ژمارەیەكی زۆری چەكداری داعش لە نزیك دێرحافر كۆكرایەوە بۆ لێدانی هێزەكانی هەسەدە لە ناوچەكە، بەڵام هەر زوو ئەمریكا لە رێگای گۆنگرێسمان "لێنسیگراهام" ئەندامی ئەنجومەنی پیران پەیوەندی لە نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەمریكییەكان دروستكرا و لە رێگای تۆڕی ئێكسەوە پەیامێكی بڵاوكردەوە كە رێگانادرێت هێرش بكرێت سەر كوردەكان و لەرێگای "تۆم بارك" نێردەی تایبەتی ئەمریكاوە ئەحمەد شەرع و توركیا ئاگاداركرانەوە كە ئەمریكا دژی ئەو هێرشەیە و دەبێت دەستبەجێ رابگیرێت.
حەلەب و كاریگەرییەكانی لەسەر نەخشەی گەشەپێدانی وزە:
هێڵی گەشەپێدانی وزە كە دەتوانێت وزەی ئەمریكا و هەوپەیمانەكانی و ئەوروپا و جیهان دابین بكات كە لە قەتەرەوە بۆ سوریا و توركیا و لەوێشەوە بۆ بولغاریا درێژ دەبیتەوە كە بەناوچەی حەلەبدا تێپەر دەبێت هەر یەكە لەگەڕەكەكانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە و شارۆچكەی دێرحافر كە لەژێر دەسەڵاتی هێزەكانی هەسەدەدا بمێنێتەوە كاریگەرییان لەسەر هێڵی گەشەپێدانی وزە دەبێت لە ناوچەكەدا، ئەم هێڵە لە ڕووی ئاسایشی وزەی جیهانەوە گرنگی زۆری هەیە و دەبێتە هێڵێكی ستراتیژیی لەدوای شەڕی ئوكرانیا و رۆسیا كە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا پشتی پێدەبەستێت و دەبێتە رێڕەوێكی بازرگانی جیهانی بە تایبەت بۆ ناوچەكە لەنێویاندا ئاسایشی ئیسرائیل و ئەوروپا و ئەمریكا و بەشێك لەوڵاتانی عەرەبی و ئەفریقی بە شێوەیەكی سەلامەت و بە كەمترین تێچوو.
ئەمریكا و توركیا دژی دەستێوەردانی "هەسەدە" بوون لە حەلەب:
هۆكاری سەرەكی بەشدارینەكردنی هێزەكانی "هەسەدە" لە شەڕی گەڕەكەكانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە، رێككەوتنی پێشوەختەی نێوان ئەمریكا و توركیا و هێزەكانی هەسەدە بووە كە بەهیچ شێوەیەك هێزەكانی "هەسەدە" دەستێوەردان لە دوو گەڕەكەی شاری حەلەبدا نەكەن و ڕادەستی حكومەتی دیمەشق بكرێت و ناوچەكانی فوراتیش وەك ناوچەی كوردنشینی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، بۆیە مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات، هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی ئاگادار كردبوەوە كە واشنتۆن دژی دەستێوەردانی هێزەكانی هەسەدەیە لەو دوو گەڕەكە، بەڵام ئاسایشی ناوخۆ ڕەتیكردوەوە كە لەو دوو گەرەكە كوردییە بكشێنەوە و بەرگریكردنیان هەڵبژارد، هێزەكانی هەسەدەش نەیتوانی ئەوەی لەڕۆژئاوا بەدەستی هێناوە بیخاتە مەترسییەوە و ناچار چاوپۆشی لەو شەڕە بكات.
تێكەڵكردنی هێزەكانی هەسەدە لەگەڵ هێزەكانی دیمەشق:
لەدوای رووخانی حكومەتی ئەسەد و پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ دیمەشق بە سەرۆكایەتی ئەحمەد شەرع، لەچوارچێوەی پرۆژە یاسایەك كە گوایە هێزەكانی هەسەدە تێگەڵ بە هێزەكانی حكومەتی دیمەشق بكرێت و چەند دانیشتنێك لەو بارەیەوە كرا، بەڵام نەگەیشتنە رێككەوتن، لەدوای پێكدانانی هێزەكانی هەسەدە و هێزەكانی دیمەشق كە بەشێك لە چەكدارانی داعش لەژێر كۆنترۆڵی توركیا گەڕوانەتەوە بۆ سوریا و تێكەڵ بە هێزەكانی حكومەتی نوێ‌ سوریا بوونە، ئەمریكا لەئێستادا بۆچوونی تەواو گۆڕاوە و نایەوێت هێزەكان تێگەڵ بكرێت، بەڵكو تەنیا لەدەرەوەی سوپای سوریا بمێنێتەوە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆر لە سوریا.
دوا هەڵوێستی ئەمریكا لەبارەی هێزەكانی هەسەدە لە حكومەتی داهاتوودا:
دواین پێشنیازی ئەمریكا بەم جۆرەیە كە هێزەكانی هەسەدە لە سێ‌ فیرقە جێگایان بكرێتەوە بە جۆرێك ببێتە بەشێك لە هێزەكانی حكومەتی دیمەشق، "فیرقەی پاسەوانی سنور، فیرقەی هێزەكانی ژنان و فیرقەی دژەتیرۆر"، لەڕووی سەربازییەوە، لەلایەكی دیكەشەوە بەشداری لەحكومەتدا بكەن بە جۆرێك جێگرانی وەزیری بەرگری  و وەزیری ناوخۆ و جێگری سەرۆك ئەركان بدرێتە هێزەكانی هەسەدە و هێزەكانی سوپای سوریا بە هیچ جۆرێك بۆیان نییە بچنە ناوچەكانی ژێر دەستی هێزەكانی هەسەدە و نزیكەی حەفتا فەرماندەی هێزەكانی هەسەدەش پۆست وەربگرن لە حكومەتی نوێ‌ سوریا.