لەکاتی دەستپێکردنی جەنگدا.. ئەو بنکە سەربازییانەی ئەمریکا لەڕۆژهەڵاتی ناوەراست، دەکرێت ئێران هێرشیان بکاتەسەر

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 428 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئێران هەڕەشەی لێدانی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکای لە ناوچەکەدا کردوە لە ئەگەری ڕوبەڕوبونەوەی هەر هێرشێک لەلایەن واشنتۆنەوە
.
لێرەدا گرنگترین بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخەینە ڕوو:
 بەحرەین
بارەگای سەرەکیی فەرماندەیی فەیلەقی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمریکایە، کە مەودای بەرپرسیارێتییەکەی کەنداو، دەریای سوور، دەریای عەرەب و بەشێک لە ئۆقیانووسی هیند دەگرێتەوە.
 قەتەر
بنکەی ئاسمانیی عودەیدی لێیە کە ڕووبەرەکەی 24 هێکتارە و لە بیابانەکانی دەرەوەی دەوحەی پایتەخت هەڵکەوتووە. ئەم بنکەیە بارەگای پێشەوەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکایە (CENTCOM) کە سەرپەرشتی چالاکییە سەربازییەکانی ئەمریکا دەکات لە ڕووبەرێکی بەرفراواندا کە لە میسرەوە لە ڕۆژئاوا تا کازاخستان لە ڕۆژهەڵات درێژ دەبێتەوە. گەورەترین بنکەی ئەمریکایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نزیکەی 10,000 سەربازی تێدایە.
لە مانگی کانوونی دووەمدا، فەرماندەیی ناوەندی ڕایگەیاند کە لەگەڵ هاوبەشە هەرێمییەکانیدا شانەیەکی نوێی هەماهەنگییان لە بنکەی "عودەید" کردووەتەوە بۆ بەهێزکردنی بەرگریی ئاسمانیی و موشەکیی یەکگرتوو.
 کوێت
چەندین دامەزراوەی سەربازیی بەرفراوان لەخۆدەگرێت، لەوانە:
 کەمپی عریفجان: بارەگای پێشەوەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا.
 بنکەی ئاسمانیی علی سالم: کە نزیکەی 40 کیلۆمەتر لە سنووری عێراقەوە دوورە و بەهۆی ژینگە گۆشەگیر و سەختەکەیەوە بە "تاوێرەکە" ناسراوە.
 کەمپی بیورینگ: لە کاتی جەنگی عێراق لە ساڵی 2003 دامەزراوە و ناوەندێکی سەرەکییە بۆ ئەو یەکانەی سوپای ئەمریکا کە لە عێراق و سووریا جێگیر دەکرێن.
 ئیمارات
بنکەی ئاسمانیی "زەفرە" لە باشووری ئەبوزەبی، ناوەندێکی گرنگی هێزی ئاسمانی ئەمریکایە. ئەم بنکەیە پشتیوانیی لە ئەرکە سەرەکییەکانی دژ بە داعش و گەشتە هەواڵگرییەکان لە سەرانسەری ناوچەکەدا دەکات.
هەروەها بەندەری جبل علی لە دوبەی، هەرچەندە بنکەیەکی سەربازیی فەرمی نییە، بەڵام گەورەترین بەندەری هێزی دەریایی ئەمریکایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە بەردەوامی میوانداری کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکان دەکات.
 عێراق
 بنکەی عەین ئەسەد: لە پارێزگای ئەنبار، ئەمریکا بۆ پشتیوانیکردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و بەشداری لە ئەرکەکانی ناتۆ هێزی تێدا دەهێڵێتەوە. ئەم بنکەیە لە ساڵی 2020 لەلایەن ئێرانەوە موشەکباران کرا وەک تۆڵەی کوشتنی قاسم سلیمانی.
 بنکەی ئاسمانیی  هەریر لە هەولێر: لە هەرێمی کوردستانی عێراق، وەک ناوەندێک بۆ هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان کاردەکات. ئەم بنکەیە شوێنێکی ئارامە بۆ مەشق و ڕاهێنان، ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگریی و هەماهەنگی لۆجستی لە هەرێمی کوردستان.
 سعودیە
بەپێی ڕاپۆرتێکی کۆشکی سپی لە ساڵی 2024، نزیکەی 2,321 سەربازی ئەمریکی لە سعودیە هەن. زۆربەیان لە بنکەی ئاسمانیی شازادە سوڵتان جێگیرن کە 60 کیلۆمەتر لە ڕیازەوە دوورە. ئەرکیان دابینکردنی بەرگریی ئاسمانی و موشەکییە، لەوانە کارپێکردنی پاترییەکانی پاتریۆت و سیستەمی ساد.
 ئوردن
بنکەی ئاسمانیی موفەق سەڵتی لە ناوچەی ئەزڕەق (100 کیلۆمەتر لە عەممانەوە دوورە)، میوانداری باڵی 332ی هێزی ئاسمانی ئەمریکا دەکات کە بەشدارن لە ئەرکە جۆراوجۆرەکان لە ناوچەی شام.
 تورکیا
تورکیا و ئەمریکا بە هاوبەشی بنکەی ئاسمانیی ئینجەرلیک لە ئەدەنە بەڕێوەدەبەن. ئەم بنکەیە کڵاوەی ئەتۆمی ئەمریکای تێدایە و بۆ پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بەکارهاتووە. نزیکەی 1,465 سەربازی ئەمریکی لە تورکیا نیشتەجێن.