بۆچی جۆش و خرۆشی وڵاتانی عەرەبی بۆ خۆپیشاندانەکانی ئێران ساردبۆتەوە؟

جیهان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 719 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێچەوانەی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی 2022 کە وڵاتانی عەرەبی بە وردی چاودێریان دەکرد، ئەمڕۆ بێدەنگییەکی ڕێژەیی باڵی کێشاوە بەسەر ئەو ناڕەزایەتییانەی ئێستا لە ئێراندا بەڕێوەدەچن. بێدەنگییەک کە نیشانەی پشتگوێخستن نییە، هێندەی ئەوەی ئاماژەیە بۆ گۆڕانی هاوسەنگیی هێز و پەرەسەندنی مەترسییەکان لەوەی هەر ئاڵۆزییەکی ناوخۆیی ببێتە هۆی دروستبوونی پشێویی.

 
لە ناڕەزایەتییەکانی 2022دا، میدیا گەورەکانی عەرەب کە زۆربەیان لەلایەن وڵاتانی کەنداوەوە پاڵپشتی دارایی دەکران، ڕۆڵێکی کاریگەریان هەبوو لە پشتگیریکردنی خۆپیشاندەران لە ڕێگەی ڕووماڵکردنی چڕ و هاوسۆزانە. ئەو کات تاران بێزاریی و توورەیی خۆی نەشاردەوە، بە جۆرێک حسێن سەلامی، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئەو کاتە، میدیاکانی سەر بە سعوودیەی بە "هاندەر" تۆمەتبار کرد و هەڕەشەی کرد کە دەبێت "باجێکی قورس" بدەن.

ئەمڕۆ دیمەنەکە گۆڕاوە، بەجۆرێک هەواڵە ئێوارەییەکانی عەرەبی بە دەگمەن ئێران دەخەنە سەرووی هەواڵەکانیان، و بەرپرسانیش لە لێدوانە گشتییەکانیاندا زیاتر وریاترن. دیپلۆماتکاران ئەم گۆڕانکارییە بۆ دوو هۆکاری سەرەکی دەگەڕێننەوە: پاشەکشەی پێگەی ناوچەیی ئێران و زیادبوونی ترسی وڵاتانی کەنداو لە لێکەوتەکانی هەر پشێوییەک.

داڕمانی تۆڕی هەژموونی ئێران
جەنگەکانی ئیسرائیل کە دوای هێرشی 7ی تشرینی یەکەمی 2023 دەستیان پێکرد، بوونە هۆی لاوازکردنی تۆڕی هاوپەیمانە ناوچەییەکانی تاران. حزبوڵڵا لە جاران لاوازتر بووە و ڕووبەڕووی هێرشی ڕۆژانەی ئیسرائیل دەبێتەوە، سەبارەت بە ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدی نزیک لە ئێران، ئەو بە کردەیی لە هاوکێشە ناوچەییەکە چووەتە دەرەوە، هەروەها خودی ئێرانیش لە مانگی حوزەیراندا بۆ ماوەی 12 ڕۆژ کەوتە ژێر بۆردومانی ئیسرائیل و ئەمریکا، کە تێیدا حسێن سەلامی کوژرا.

ئەم پێشهاتانە وایکردووە داهاتووی کۆماری ئیسلامی بۆ زۆرێک لە عەرەبەکان کەمتر جێگەی بایەخی بەپەلە بێت، بۆ نموونە لە لوبنان، سەردانەکەی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تشرینی یەکەمی 2024 توڕەییەکی فراوانی لێکەوتەوە، لەکاتێکدا سەردانەکەی دوایی لە 8ی کانوونی دووەمدا زیاتر بە گاڵتەجاڕی وەرگیرا وەک لە ناڕەزایەتی، بەتایبەت کاتێک باسی لە هاوکاری ئابووری دەکرد لە کاتێکدا ئێران خۆی ناڕەزایەتی بەرفراوان بەخۆوە دەبینێت بەهۆی خراپیی دۆخی ئابوورییەوە.

هێزێکی پلە دوو
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری ئیکۆنۆمیست، ئێرانی بە "هێزێکی پلە دوو" وەسف کرد، کە ئەمە وەسفێکە لە نێوان بەرپرسانی عەرەبیشدا باو بووە. لە هەفتەکانی ڕابردوودا، ناکۆکییەکانی نێوان سعوودیە و ئیمارات، هەروەها پێکدادانەکانی باکووری سووریا، پێشەنگی گرنگیی میدیا عەرەبییەکانیان گرتبوو، بێ ئەوەی ئێران لایەنێکی ڕاستەوخۆ بێت تێیاندا.

لەگەڵ ئەوەشدا، وڵاتانی کەنداو وا نابینن کە ئێران بەتەواوی دەستەوەستان بێت. نیگەرانییەکان لە ئەگەری گرژییەکی نوێی ئەمریکا ڕوو لە زیادبوونە، بەتایبەت دوای هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە جوڵەکردن ئەگەر ڕژێم بەردەوام بێت لە سەرکوتی خۆپیشاندەران. سەرەڕای لاوازبوونی جبەخانەی موشەکیی بالیستی دوورهاوێژی ئێران، تاران هێشتا خاوەنی هەزاران موشەکی کورت مەودایە کە توانای پێکانی ئامانجەکانیان لە کەنداو هەیە.
پێشتر ئێران موشەکی ئاراستەی بنکەی عودەید کردبوو لە وەڵامێکی سیمبولیدا دوای بۆردومانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی، ئەوەش دوای ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی دەوحە و واشنتۆن. هەروەها بەرپرسانی ئێران ئاماژەیان بە ئەگەری فراوانکردنی بانکی ئامانجەکانیان کردووە بۆ وڵاتانی وەک بەحرەین ئەگەر هێرشەکان دووبارە ببنەوە، ئەمەش وریایی پایتەختەکانی کەنداو ڕوون دەکاتەوە لە پاڵنانی کارەکان بەرەو لێواری ڕووبەڕووبوونەوە.

مۆتەکەی داڕمان
بەگوێرەی گۆڤارە بەریتانییەکە، ئەوەی لە دیدگای وڵاتانی کەنداوەوە زیاتر جێگەی نیگەرانییە "ڕۆژی دوای" داڕمانی ئەگەریی دەوڵەتی ئێرانە. ناوچەکە هێشتا بەدەست لێکەوتەکانی هەڵوەشانەوەی دەوڵەتانی وەک عێراق و سووریاوە دەناڵێنێت، لە لێشاوی ئاوارەکان و بڵاوبوونەوەی گروپە چەکدارەکان و قاچاخی چەک و ماددە هۆشبەرەکان. داڕمانی دەوڵەتێک کە ژمارەی دانیشتووانی 92 ملیۆن کەسە و تەنها 200 کیلۆمەتر لە کەنداوەوە دوورە، ڕەنگە دەرگا بۆ مەترسی گەورەتر بکاتەوە، لە لەدەستدانی کۆنترۆڵی موشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانەوە تا دەگاتە تەمومژی دەوری چارەنووسی کۆگاکانی یۆرانیۆم، لەوانەش دامەزراوەی فۆردۆ.

ڕژێمە عەرەبییەکان ناکۆکی قووڵی خۆیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ناشارنەوە و ڕەنگە لە ڕووی تیۆرییەوە پێشوازی لە حکومەتێکی نوێی ئێرانی بکەن کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی کەم بکاتەوە و پشتگیریکردنی میلیشیاکانی ناوچەکە ڕابگرێت. بەڵام ساڵانێکی زۆر لە جەنگ و ناسەقامگیری وایکردووە زۆرێک لە پایتەختە عەرەبییەکان وریایی هەڵبژێرن، چونکە ئاڵۆزیی ئێران لە دیدی ئەواندا، ڕەنگە بەواتای پشێوی زیاتر بێت نەک ئەو سەقامگیرییەی کە مەبەستە.