دەمپارتی زانیاری گرنگ لەبارەی بانگەوازەکەی ئۆجەلان و چەكدانانی هەسەدە ئاشكرادەكات

کوردستان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 682 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هاوسەرۆكی دەمپارتی ڕونكردنەوە دەدات و دەڵێت،" بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ چەک دانانی پەکەکە، هەسەدە ناگرێتەوە".

تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەمپارتی)، ڕایگەیاند،" بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ چەک دانانی پەکەکە، هەسەدە ناگرێتەوە".
هاوکات ڕەخنە لەحکومەتی تورکیا دەگرێت و دەڵێت،" لایەنی کوردی هەنگاوی زۆر گەورەی لەسەرخستنی پرۆسەی ئاشتی ناوە، بەڵام تا ئێستا لایەنی دەسەڵات هیچ هەنگاوێکی ئەوتۆ و جددی نەناوە".

هاوسەرۆکی دەمپارتی، ئاماژەی بەوەشکرد، بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ی شوباتی ساڵی ڕابردودا، تەنیا تایبەت بوە بەچەک دانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)،  دەشڵێت،" سەرەڕای ئەوەی لایەنی کوردی هەنگاوی زۆر گەورەی ناوە لەمیانی پرۆسەی ئاشتیدا، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی جددی لەلایەن دەسەڵاتەوە نەنراوە". 

جەختی لەوەکردوەتەوە، زمانی هەرەشە بەرانبەر هەسەدە بەکاردەهێندرێت لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە، بەپێچەوانەوە هیچ کاتێک هەسەدە نابێتە هەرەشە بۆ سەر تورکیا، بۆیە پێویستە تورکیا هەڵوێتستێکی بنیاتنەر بگرێتە بەر لەبابەتی سوریاو ڕۆژئاوای کوردستان، کورد پێویستی بەوەیە لەسوریا لەژینگەیەکی ئارامدا بژیت، بۆ ئەمەش پێویستە تورکیا وڵاتێکی گەرەنتیکار بێت.