شارپرێس:
مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەبارەی دۆخی سوریاو دوایین پەرەسەندنەکانو پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دیمەشق پەیامێکی بڵاوکردەوەو دڵنیاییداو وتى، "دڵنیاین سەردەکەوین، چونكه هێزو ئێرادەی پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوامان هەیە"، ڕاشیگهیاند، "ئهمڕۆ سەردانی دیمەشق دهكهم".
مەزڵوم عەبدی ڕایگەیاند، "وەک دەزانن لە6ى ئەم مانگەوە شەڕێکی دژوار سەپێندراوە بەسەر گەلەکەمانداو چەندین شەهیدو بریندارماندا، سەرەتا شەهیدان بەڕێزەوە بەبیردەهێنینەوەو هیوای زوو چاکبونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازینو سڵاو لەبەرخۆدانی گەلەکامن دەکەین، پێشئەوەی سبەینێ بڕۆمە دیمەشق، دەمەوێت چەند بابەتێک بۆ گەلەکەمان ڕونبکەمەوە".
ئهوهشى وت، "لە4ی ئەم مانگەدا کۆبونەوەمان کرد لەدیمەشق، دواتریش لەهەولێر، ئێمە دەمانویست پێش لەم شەڕە بگرین زۆر هەوڵماندا، بەڵام بەداخەوە، لەبەرئەوەی ئەم شەڕە پیلان بۆداڕێژراوبوو، لەلایەن کۆمەڵێک هێزەوە، بەپێداگرییەوە ئەم شەڕە سەپێندرا بەسەرماندا".
وتیشی، "بۆ ئەوەی ئەم شەڕە نەبێتە شەڕێکی ناوخۆیی گەورە، کە وەها پیلانی بۆ داڕژرابوو، هەروەها بۆ ئەوەی لەوە زیاتر خوێن نەڕژێت، بەتایبەتی کەسانی مەدەنی، بۆیە لەڕەققەو دێرەزور بڕیاری کشانەوەمان داوە بۆ حەسەکە، ناچاربوین بۆ پاراستنی شۆڕشەکەمانو گەلەکەمان ئەو بڕیارە بدەین، بۆ ئەمەش چی لەدەستمان دێت دەیکەینو ئەو هێزەشمان هەیەو هەوڵدانمان هەیە".
عهبدى جەختیكردهوه، "ئهمڕۆ سەردانی دیمەشق دەکهم، ئەمەش دوای ئەوەدێت کە دوێنێ ڕێککەوتنێکی سەرەتایی لەنێوان هەسەدەو حکومەتی سوریا بۆ ڕاگرتنی شەڕو تێکەڵکردنی هێزەکان ڕاگەیەندرا کە بڕیارە وردەکارییەکانی لەکۆبونەوەکانی داهاتودا تاووتوێبکرێن".
فەرماندەی هەسەدە جەختیشیکردەوە، "هێزو ئێرادەی پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوامان هەیەو لەناوچەکانی حەسەکە هێزەکانمان جێگیردەبن".