هەسەدە پەرەسەندنێکی مەترسیداری هێزەكانی سوریا ئاشكرادەكات

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4788 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەسەدە هۆشداری لەپەرەسەندنێکی مەترسیدار دەدات و دەڵێت،" سەڕەڕایی ڕێككەوتنی ڕاگەیەندراوی ئاگربەست، ئێستا پێکدادانی توند لەنێوان هێزەکانمان و ئەو گروپانە لەدەوروبەری زیندانی ئەقەتان لەڕەقە بەڕێوەدەچێت، کە دەستبەسەرکراوانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشی تێدایە، ئەمەش پەرەسەندنێکی ئێجگار مەترسیدارە".

 
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند،"سەرەڕای ڕێککەوتنی ڕاگەیەندراوی ئاگربەست و ئەو بەیاننامانەی لەو بارەیەوە دەرچون، گروپەکانی سەر بەحکومەتی دیمەشق بەردەوامن لەهێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانمان لەعەین عیسا، شەدادێ و رەققە".
 
هەسەدە ئاماژە بەوە دەدات،" ئێستا پێکدادانی توند لەنێوان هێزەکانمان و ئەو گروپانە لەدەوروبەری زیندانی ئەقەتان لەڕەقە بەڕێوەدەچێت، کە دەستبەسەرکراوانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشی تێدایە، ئەمەش پەرەسەندنێکی ئێجگار مەترسیدارە".

جەختیش دەكاتەوە،" ئێمە بۆ ڕای گشتی دوپاتی دەکەینەوە کە ئاستی هەڕەشەکان بەشێوەیەکی بەرچاو ڕوی لەزیادبونە، لەبەر ڕۆشنایی هەوڵەکانی ئەو گروپانە بۆ گەیشتن بەزیندانەکە و کۆنترۆڵکردنی و ئەو لێکەوتە ئەمنییە مەترسیدارانەی کەڕەنگە لێی بکەوێتەوە و ببێتە هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیری و رێگا بۆ گەڕانەوەی پشێوی و تیرۆر خۆش بکات".
 
ناوەندی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەشڵێت،" بۆیە، ئەم ڕاستییانە دەخەینە بەردەم ڕای گشتی و لایەنە هێرشبەرەکان بەبەرپرسیاری تەواوی هەر ئەنجامێکی کارەساتبار دەزانین کە لەئەنجامی بەردەوامی ئەم هێرشانە بکەوێتەوە".
 

بەپەلە