فراكسیۆنی پارتی بانگەوازێكی بەپەلەی ئاراستەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 445 جار خوێندراوه‌ته‌وه



شارپرێس:
 فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، بەنیگەرانییەكی زۆرەوە لە دوایین ڕووداو و پەرەسەندنەكانی سوریا و ڕۆژئاوا دەڕوانین، ڕەچاونەكردنی تایبەتمەندی و مافەكانی گەلی كورد لە سووریا و پەرەسەندنی ئاڵۆزی و شەڕ و پێكدادان لەدژی گەلی كورد دەبێتە هۆی تێكدانی ئاشتی و ئارامی ئەو ناوچانە و ئەگەری ئاوارەیی و ڕوودانی كارەسات و نەهامەتی و پاكتاوی ڕەگەزی بۆ خوشك و براكانمان لە رۆژئاوا لێ دەكەوێتەوە.

فراكسیۆنی پارتی لە بانگەوازێكی بەپەلەدا دەڵێت "گەلی كورد لە رۆژئاڤا لەسەر زێد و خاكی خۆی، لەپێناو برایەتی و یەكسانی و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و دژایەتیی ستەم و تیرۆر تێكۆشاوە و، لەساڵانی ڕابردوودا، لە شەڕی دژی تیرۆردا قوربانیی زۆری داوە. ئەو بارودۆخەی ئێستا لە سووریا لەئارادایە، دەبێتە هۆی ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش و تیرۆر كە ئەمە خۆی لەخۆیدا هەڕەشەیەكی زۆر جدییە لەسەر سەقامگیری و ئاساییشی ناوچەكە".

فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان دەشڵێت "لەژێر ڕۆشنایی ڕوانگە و هەوڵەكانی بارزانی بۆ پاراستنی گەلی كورد لە ڕۆژئاوا و لە سۆنگەی هەست كردن بە بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتیمانی، داواكارە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانان لەئاست بەرپرسیارەتییاندابن و هەنگاوی كاریگەر بنێن بۆ ڕاگرتنی گرژی و شەڕو پێكدادانەكان لە سووریا و ڕێگریكردن لە قووڵتووتربوونی قەیران و هەروەها ڕێگریكردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش و تیرۆر و توندڕۆیی".