سوید هاته‌ده‌نگ‌و پشتیوانیى بۆ كورد ڕاگه‌یاند

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 7062 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سۆشیال دیموكراتەكانی سوید بۆ پشتیوانی كوردی سوریا هاته‌ده‌نگ‌و له‌په‌یامێكدا داواده‌كات، "پێویستى هه‌رچى زوه‌ توندوتیژیی دژی کورد لەسوریا ڕابگیرێت"، جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، "ئیدانەی هێرشەکانی ئەمدواییەی هێزەکانی سوریا بۆ سەر کوردو ناوچە کوردنشینەکان دەکەین".


له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا، سۆشیال دیموكراتەكانی سوید ڕایده‌گه‌یه‌نن، "ئێمەی سۆسیال دیموکراتەکان بەقووڵی نیگەرانین لەپەرەسەندنی توندوتیژیی لەسوریا، هاوكات ئیدانەی هێرشەکانی ئەمدواییەی هێزەکانی سوریا بۆ سەر کوردو ناوچە کوردنشینەکان دەکەین".

جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، "ئێمە داوای ئاگربەستی خێرا دەکەین، پێویستە لایەنەکان بگەڕێنەوەسەر مێزی دانوستان‌و گفتوگۆی سیاسیی لەسەر ئایندەی سوریا دەستپێبکەنەوە".

باسى له‌وه‌شكردوه‌، "پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ شەرمەزار دەکەین‌و داوای لێپرسینەوە دەکەین لەبەرامبەر ئەو پێشێلکاریانەی کە لەسوریای ئەمڕۆدا ئەنجامدراون، پێویستە لێکۆڵینەوە لەتاوانەکان بکرێت‌و بەرپرسان بدرێنە دادگا".

ئه‌وه‌ش هاتوه‌، "هێزە کوردییەکان بەهاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتییەکی یەکجار زۆریان لەئەستۆگرت‌و هەوڵی یەکلاکەرەوەیانداو قوربانییەکی زۆریاندا بۆ تێکشکاندنی تیرۆر، ئەمەش پابەندمان دەکات به‌وه‌ى، ئەو وڵاتانەی کە بەشێکبون لەهاوپەیمانییەکە بەرپرسیارێتییەکی تایبەتیان لەسەر شانە کە بەتوندی مامەڵە بکەن بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی ئەمڕۆ بۆسەر کورد".

به‌پێویستى ده‌زانێت، "مافی دەستەجەمعی‌و تاکەکەسی بۆ گروپە نەتەوەیی‌و ئایینییەکانی سوریا دەستەبەربکرێن، گواستنەوەی دوای دیکتاتۆری ئەسەد دەبێت گشتگیربێت، دوبارەبونەوەی کۆمەڵکوژی دژی دروزو عەلەوییەکان بەڕونی مەترسی تێدایە، بەشێک لەپێکهاتەی دەسەڵاتی ئێستا لەدیمەشق پەیوەندییان بەبزوتنەوە ئیسلامییە توندڕەوەکانى ڕابردوو هەیە کە تیرۆریست ناسراوبون، ئەمەش وادەکات داواکارییەکانی گەرەنتی دیموکراسی‌و پاراستنی کەمینەکان‌و چاودێریکردنی نێودەوڵەتی هێندەی تر پەلەی لێبكرێت".

هه‌روه‌ك سۆشیال دیموکراتەکان داوادەکەن، حکومەتی سوید هەموو کەناڵە دیپلۆماسییە بەردەستەکان بۆ پێشگرتن لەکارەساتی نوێی مرۆیی لەسوریا بەکاربهێنێت‌و هاوکاریی‌و پاڵپشتیی سیاسیی سوید بۆ دیمەشق دەبێت بەمەرجی داواکاریی ڕون بۆ دیموکراسی‌و مافی مرۆڤ‌و پاراستنی کەمینەکان بێت.