وەزارەتی دارایی عێراق هۆکاری خەرجنەکردنی موچەی خانەنشینان ئاشکرادەکات

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2418 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپڕیس:

دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند کە وەزارەتی دارایی عێراق شایستەی چەند مانگی ڕابردوی زیاتر لە هەشت هەزار خانەنشینی سەربازی و شارستانی نەناردوە، وەزارەتی دارایی عێراق وەڵامی دایەوە و هۆکارەکەی ئاشکراکرد.


وەزارەتی دارایی عێراق لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" بەپێی رێکارەکانی ئێستای دابەشکردنی موچە، هیچ بڕە پارەیەکی زیاد و شایستەی مانگەکانی رابردوو خەرج ناکرێت، چونکە خەرجکردنی ئەو پارانە پێویستی بە چوارچێوەیەکی یاسایی و تەرخانکراوی داراییە و لەدوای ئامادەکردنی خشتەی موچەی 2026 خەرجدەکرێت ".

ئەوەشیخستەڕوو،" خەرجکردنی موچەی مانگی کانونی یەکەم  بەپێی رێکارە یاسایی و داراییەکان بوە کە لە دەوڵەتی عێراق پەیڕەو دەکرێت و تەنها موچەی ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە خەرجکراوە کە لە لیستی موچەی پەسەندکراوی وەزارەتی دارایی عێراقدا هەن ".

ئەمەش لەکاتێکدایە، کەمێک لەمەوبەر وەزارەتی دارایی هەرێم باسی لەوەکرد،" وەزارەتی دارایی عێراق بۆ موچەی مانگی کانونی دوەمی ئەمساڵ بڕی 36 ملیارو 306 ملیۆن و 864 هەزار دیناری لەکۆی تەمویلی موچە نەناردوە، ئەو پارەیەش بریتییە لەشایستەی چەند مانگی ڕابردوی زیاتر لە هەشت هەزار خانەنشینی سەربازی و شارستانی کە لەساڵی ڕابردودا خانەنشین کراون و دوای پەسەندکردن و تەواوکردنی دۆسیەکانیان لە مانگی کانونی دوەم داخڵی لیستی موچە کراونەتەوە.