ئایا جەنگ نزیکە؟ ترەمپ مەرجی قورس بۆ ئێران دادەنێت‌و ناتانیاهۆش هۆشداریدەدات

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3474 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکۆبونەوەیەکی سێ کاتژمێریی "بێدەنگ"و دور لەچاوی کامێراکان، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاو بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، مەلەفی ئێرانیان خستەسەر مێزی گفتوگۆ، هەرچەندە ترەمپ کۆبونەوەکەی بە"زۆرباش" وەسفکرد، بەڵام دەرەنجامەکان ئاماژە بەوەدەکەن، ناکۆکییەکی قووڵ لەسەر "چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ تاران" لەئارادایە.


ترەمپ دوای کۆبونەوەکە جەختیکردەوە، کە "دیپلۆماسی بژاردەی یەکەمە"، ئەو ڕایگەیاند کە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران (کە هەفتەی ڕابردوو لەعومان دەستیپێکردەوە) بەردەوامدەبن، مەرجی ترەمپ ڕونە، "نە چەکی ئەتۆمی‌و نە موشەک"، بەڵام هاوکات پەیامێکی توندی بۆ تاران نارد؛ ئەگەر ڕێککەوتن نەبێت، بژاردەی سەربازیی لەسەر مێزە، هاوشێوەی هێرشە ئەتۆمییەکانی حوزەیرانی 2025.

لەبەرامبەردا، ناتانیاهۆ بەهەستکردن بەمەترسییەکی گەورە چوە واشنتۆن، ئیسرائیل دەڵێت، "ئێران خەریکی نۆژەنکردنەوەی تواناکانیەتی"، دوای ئەوەی لەجەنگی 12 ڕۆژى ساڵى ڕابردوو گورزی کوشندەی بەرکەوت.

ناتانیاهۆ فشاردەکات بۆ ئەوەی هەر ڕێککەوتنێک تەنها ئەتۆمی نەبێت، بەڵکو باڵی موشەکی‌و گروپە چەکدارەکانی وەک حەماس‌و حزبوڵڵاش لەناوبەرێت، وه‌كو مۆنتى كارلۆ جه‌ختى له‌سه‌ركردوه‌ته‌وه‌، پەیامی ئیسرائیل بۆ واشنتۆن یەک وشە بوه‌ ئه‌ویش، "متمانە بەبەڵێنەکانی تاران مەکەن".

سەرباری هاوکارییە سەربازییەکان، "پلانی 20 خاڵی" ترەمپ بۆ غەززە بوەتە خاڵی ناکۆکی، ترەمپ باس لە"دەوڵەتی فەڵەستینی" دەکات لەکۆتایی ڕێگاکەدا، ئەمەش هێڵی سوری ناتانیاهۆو هاوپەیمانە ڕاستڕەوەکانیەتی، لەکاتێکدا ناتانیاهۆ هەوڵی کڕینی زەوی‌و فراوانکردنی نیشتەجێبون دەدات لەکەناری ڕۆژئاوا، ترەمپ بەڕاشکاوی دژایەتی خۆی بۆ لکاندنی ئەو ناوچانە بەئیسرائیلەوە ڕاگەیاند.

کۆبونەوە سێ كاتژمێریه‌كه‌ بەبێ بڕیاری یەکلاکەرەوە کۆتاییهات، ترەمپ لەسەر پلاتفۆڕمی "تروس سۆشیاڵ" نوسیویەتی، "دەبێت بزانین ئەنجامەکە چی دەبێت".

ئێستا چاوەکان لەسەر گەڕی داهاتوی دانوستانەکانی عومانن؛ ئایا ترەمپ دەتوانێت ئێران ناچار بەڕێککەوتنێکی گشتگیر بکات، یان ناوچەکە بەرەو پێکدادانێکی توندی سەربازیی دەچێت کە تێیدا فڕۆکەهەڵگرە ئەمریکییەکان قسەی کۆتایی دەکەن؟

بەپەلە