شارپرێس:
لەکاتێکدا دانیشتوانی گوندەواری دێرەزور چاوەڕوانى
جێبه‌جێبونى به‌ڵێنى چه‌كداره‌كانى سه‌ر حكومه‌تى دیمه‌شق بون بۆ فه‌راهه‌مكردنى
ئارامیی، به‌ڵام دەنگی تەقینەوەو گیزه‌ى فیشەک خه‌ڵكى دێره‌زورى هه‌راسانكردوه‌و
شه‌وانه ئاسمانی ناوچەکە ده‌ته‌نێت، لەدوو هێرشی جیاوازدا، چەکدارە نەناسراوەکان
چه‌كداره‌كانى دیمه‌شقیان کردە ئامانج، ئەمەش دوای خۆی ترس‌و دڵەراوکێیەکی زۆری لەناو
خەڵکی سڤیلدا دروستكردوه.
لەناوەندی شاری ئەلبوکەمال‌و لەنزیک "دەوار
ئەلحەیات"، بۆمبێکی چێنراو ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی پاسەوانی سنوری کردە ئامانج،
به‌گوێره‌ى زانیارییەکان تەقینەوەکە هێندە بەهێز بوە ئۆتۆمبێلەکەی بەتەواوی
سوتاندوه‌و تێکشکاندوە، قوربانیی هەرە کاریگەری ئەو ڕوداوە هاوڵاتییەکی سڤیل بوو کە
بە ڕێکەوت لەوێ بوەو ئێستا لەژێر چارەسەری پزیشکیدایە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە
ئاگری ئەم ململانێیانە یەکەمجار بەر جەستەی بێتاوانەکان دەکەوێت.
هاوکات لەگەڵ ئەو تەقینەوەیەدا، لەدەوروبەری
شارۆچکەی "عەشارە"، بێدەنگیی شەو بەدەنگی چەکی ڕەشاش شکا، چەکدارەکان هێرشیانکردەسەر
بارەگایەکی سەربازیی‌و شەڕو پێکدادانى سه‌خت دروستبوو، هەرچەندە هێرشبەرەکان هەڵاتن،
بەڵام شوێنەواری فیشەکەکان بەدیوارەکانەوە، چیرۆکی ناسەقامگیرییەکی بەردەوام دەگێڕنەوە.
سەرچاوە ئەمنییەکان پەنجەی تۆمەت بۆ شانە نوستوەکانی
داعش ڕادەکێشن، ئەو هێرشانە تەنها نیشانە شکاندنی سەربازەکان نین، بەڵکو پەیامێکی
ترسناکن بۆ خەڵکی ناوچەکە کە "داعش" هێشتا لەسێبەرەکاندا ماوە، به‌گوێره‌ى
ڕاپۆرتەکانی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەوجۆرە هێرشانە لەزیادبوندان‌و مەترسییەکی
جددین لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان.
دواى ماوه‌یه‌كى زۆر ئارامى به‌هۆى هێزه‌كانى
سوریاى دیموكرات (هه‌سه‌ده)و دواتر ناچاركردنى هه‌سه‌ده به‌كشانه‌وه‌ى له‌وشاره،
دێرەزور جارێکی دیكه لەنێوان چەک‌و تەقینەوەدا خەبەری بوەوە، پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە:
کەی ئەم خاکە دەبێتە مەیدانی ئاشتیی‌و کەی هاوڵاتییانی دور لەترسی بۆمبی چێنراو و
دەنگی ڕەشاش سەر دەنێنەوە؟
