شارپرێس:
دواجار دوای تێپەڕبونی وەرزێکی سارد‌و پڕ لەگرژیی لەپەیوەندییەکانی نێوان هەردوو جەمسەرە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان، کەشتییە نائارامەکەی نێوان هەولێرو سلێمانی لەپیرمام لەنگەریگرت، کۆبونەوەی نێوان بارزانی‌و تاڵەبانی تەنها دیدارێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو کێشانەوەی نەخشەی نوێی دەسەڵات بوو لەهەولێرو بەغدا، یه‌كێتیى دوو پۆستى باڵا له‌به‌غدا وه‌رده‌گرێت‌و پارتیش ناوخۆى هه‌رێمى لاى خۆى هێشتوه‌ته‌وه.
به‌گوێره‌ى ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوە نافەرمییەکانەوە به‌شارپرێس دراون، کێشەی سەرەکی کە "وەزارەتی ناوخۆ"ی هەرێم بوو، بەجۆرێک چارەسەرکراوە کە هاوسەنگیی هێز بپارێزێت، یەکێتیی کە پێداگربوو لەسەر وەرگرتنی ئەو وەزارەتە سیادییە لەکابینەی نوێ، لەبەرامبەر پاراستنی شکۆی "سەرۆک کۆمار" لەبەغدا، پاشەکشەیکردوە.
زانیارییه‌كان ده‌ڵێن، پارتی دیموکراتی کوردستان، بەچاوپۆشین لەپۆستی سەرۆک کۆمار بۆ یەکێتیی، توانیی وەزارەتی ناوخۆ لای خۆی بهێڵێتەوە، بەڵام ئەمە بێ قوربانیدان نەبوو؛ پارتی ئامادەیی نیشانداوە وەزارەتی دەرەوەی عێراق کە پۆستێکی دیپلۆماسیی باڵایە، ڕادەستی یەکێتیی بکات.
وه‌كو سه‌رچاوه‌كان باسیانكرد، ئەو ڕێککەوتنە نیشانیدەدات کە لایەنەکان گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی "کوردستانێکی نائارام" بەرژەوەندیی هیچ لایەکی تێدانییە.
وه‌كو شارپرێس زانیویه‌تى، ڕێكه‌وتنى سه‌ره‌تایى‌و مه‌بده‌ئى هه‌ردوو حزبه باڵا ده‌سته‌كه‌ى هه‌رێم به‌مشێوه‌یه بوه، "سەرۆک کۆمار‌و وەزارەتی دەرەوە ده‌بنه پشکی یەکێتیی‌و وەزارەتی ناوخۆی هەرێمیش هه‌روه‌كو خۆى به‌پشکی پارتی ده‌مێنێته‌وه.
ئەم نەرمییەی لەپیرمام نیشاندرا، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە هەردوو حزب تێگەیشتون لەوەی، پێویستە لەبری ململانێ به‌ره‌و چاره‌سه‌رى هاوبەش هەنگاوبنێن، ئێستا چاوەکان لەسەر ئەوەن، ئایا ئەم لەنگەرگرتنەی کەشتییەکە کاتییە، یان دەبێتە سەرەتایەک بۆ ئارامییەکی درێژخایەن لەپرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا؟
ئه‌و سه‌رچاوانه‌ى زانیاری‌یان بۆ شارپرێس ئاشكراكرد، جه‌ختیانكرده‌وه، ئه‌وه‌ى ڕێكه‌وتنى له‌سه‌ركراوه، سه‌ره‌تاییه‌و سه‌ره‌تاى هه‌فته‌ى داهاتوش، جارێكى دیكه كۆبونه‌وه‌ى لوتكه‌ى نێوان بارزانى‌و تاڵه‌بانى له‌پیرمام به‌ڕێوه‌ده‌چێته‌وه‌و قسه‌ى كۆتاییان له‌باره‌وه ده‌كرێت.
