شارپرێس:
لەوەرچەرخانێکی مێژوییدا کە نەخشەی سیاسیی ناوچەکە دەگۆڕێت، فەرەنسا جارێکی دیکە دەرگاکانی دیمەشق دەکاتەوە، ئەمجارە نەک تەنها بەدیپلۆماسییەت، بەڵکو بەفڕۆکەیەکی پڕ لەسەرمایەگوزارو گەڕاندنەوەی ملیۆنان یۆرۆ بۆ گەلی سوریا.
ماکرۆن بەرەو دیمەشق؛ ئابوری پێش سیاسەت دەکەوێت
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا ڕایگەیاند، ئیمانوێل ماکرۆن ئامادەکاریی دەکات بۆ سەردانێکی فەرمییو بەپەلە بۆ سوریا.
ئەوەی ئەم سەردانە لەسەردانە دیپلۆماسییە ئاساییەکان جیادەکاتەوە، یاوەریکردنی وەفدێکی گەورەی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی فەرەنسایە، پاریس دەیەوێت لەڕێگەی وەبەرهێنانەوە پێگەی خۆی لەسوریای نوێدا جێگیربکاتو بەشداری کارابێت لەئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەدا.
ڕێککەوتنی "هەسەدە"و حکومەت؛ تاقیکردنەوەیەکی سەخت بۆ ئاشتیی
یەکێک لەگرنگترین تەوەرەکانی ئەم جوڵە نوێیە، پشتیوانیکردنی ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی سوریاو هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)یە، فەرەنسا کە بۆ ماوەی 10 ساڵ هاوپەیمانی هەسەدە بوە لەشەڕی دژی داعش، ئێستا ڕۆڵی نێوەندگیر دەبینێت، پەیامی پاریس بۆ مەزڵوم عەبدی ڕونە، "دورکەوتنەوە لەپهكهكهو گۆڕان بۆ کارەکتەرێکی سیاسی"، لهو ڕوهشهوه پاریس پێیوایە، ئەم ڕێککەوتنە "باشترین دەرفەتە" بۆ هەردولا تاوەکو سەقامگیریی بۆ باکوری سوریا بگێڕنەوە.
پارەی ڕەفعەت ئەسەد دەگەڕێتەوە بۆ گیرفانی سورییەکان
لەهەنگاوێکی دەگمەندا، فەرەنسا بڕیاریداوە، ئەو سامانەی کە لەڕەفعەت ئەسەد مامی سەرۆکی پێشوی ڕژێمی سوریا دەستی بەسەرداگیرابوو، بۆ پڕۆژەی گەشەپێدان خەرجبکرێتەوە، لەئێستاشدا ئامادەکاریی دەکرێت بۆ گواستنەوەی 32 ملیۆن یۆرۆ بۆ سوریا، کە بڕیارە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەپڕۆژەی خزمەتگوزارییو مرۆیی بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی بەکاربهێنرێت.
بەردەمی ئیسرائیلو مێزی دانوستان
لەلایەکی دیكهوه، فەرەنسا چاوی لەهێورکردنەوەی بەرەکانە لەگەڵ ئیسرائیل، وتەبێژی دەرەوەی فەرەنسا ئاشکرایکرد، ئاماژەی ئەرێنی هەردولایەنی سوریو ئیسرائیلییان پێگەیشتوە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان، پاریس ئامادەیی خۆی نیشانداوە ببێتە میوانداری ئەم دانوستانە مێژوییانە بەمەرجی پاراستنی سەروەریی خاکی سوریاو پابەندبونی ئیسرائیل بەیاسا نێودەوڵەتییەکان لەبەرزاییەکانی جۆلان.
