لێکەوتەکانی دۆسیەی ئێپستین؛ ئیدارەی ترەمپ لەبەردەم شەپۆلێکی نوێی فشاردا

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2221 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بڵاوبونەوەی زانیارییە نوێیەکانی پەیوەست بەدۆسیەی جێفری ئێپستین، جارێکی دیکە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی ڕوبەڕوی تەنگژەیەکی سیاسی قووڵ کردوه‌تەوە، بەشێوەیەک ئەمجارە هاوارد لوتنیک وەزیری بازرگانیی ئەمریکا، کەوتوه‌تە بەر تیغی ڕەخنەکان دوای ئەوەی دەرکەوت زانیاریی چەواشەکارانەی لەبارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو ملیاردێرەدا بەکۆنگرێس داوە.


لوتنیک لەمیانی ئامادەبونی لەبەردەم لیژنەی تەرخانکردنی دارایی لەئەنجومەنی پیران، دانی بەوەدانا کە لەساڵی 2012دا لەگەڵ خێزانەکەی سەردانی دورگەی تایبەتی ئێپستینی کردوە.

ئەم دانپێدانانە دژایەتییەکی ڕونی لەگەڵ لێدوانەکانی پێشوی تێدایە، کە تێیدا جەختیکردبوه‌وە، دوای ساڵی 2005و یەکەم تۆمەتبارکردنی ئێپستین لەساڵی 2008، هەموو پەیوەندییەکی لەگەڵ ناوبراو پچڕاندوە.

سیناتۆر کریس ڤان هۆلان ڕەخنەی توندی لەوەزیری بازرگانیی گرت‌و ئاماژەی بەوەکرد، کێشەکە تەنها لەخودی پەیوەندییەکەدا نییە، بەڵکو لەوەدایە کە لوتنیک وێنەیەکی نادروستی پێشکەش بەگەلی ئەمریکاو قوربانیانی ئەو دۆسیەیە کردوە.

لەگەڵ چڕبونەوەی داواکارییەکان بۆ دەستلەکارکێشانەوەی، کۆشکی سپی بەتوندی بەرگریی لەلوتنیک دەکات‌و کارۆلاین لیڤیت دوپاتیکردەوە، سەرۆک ترەمپ متمانەی تەواوی پێیەتی.

ئەو هەڵوێستە ناڕەزایەتیی هەندێک لەکۆمارییەکانیشی لێکەوتوه‌تەوە؛ تۆماس ماس ئەندامی کۆنگرێس، بەسەرسوڕمانەوە ئاماژەی بەوەکرد، لەبەریتانیا بەرپرسان‌و تەنانەت ئەندامانی خێزانی شاهانە بەهۆی پەیوەندییەکی زۆر کەمترەوە پۆستەکانیان لەدەستداوە، بەڵام لوتنیک سەرەڕای درۆکردن، هێشتا لەپۆستەکەیدا ماوەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، بام بۆندی وەزیری داد بەڵێنیداوە، شەفافییەت لەبڵاوکردنەوەی بەڵگەنامەکاندا پەیڕەوبکەن‌و داوای لەقوربانییەکان کرد هەر زانیارییەکیان هەیە پێشکەش بەئێف بی ئای بکەن.

سەرەڕای ئەم بەڵێنانە، فشارەکان بەردەوامن، چونکە پەرلەمانتاران دەڵێن، هێشتا نزیکەی 2.5 ملیۆن بەڵگەنامە لەکۆی شه‌ش ملیۆن دۆسیە لای وەزارەتی داد شاردراونەتەوەو ئاشکرانەکراون، ئەمەش گومانەکان لەسەر ئیدارەکە زیاتر دەکات.