لەهەولێر ئامادەکاری بۆ خۆپیشاندان دەکرێت‌و پارێزگار هەڕەشە دەکات

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1476 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئومێد خۆشناو هۆشداری توند دەداتە هاوڵاتییان و دەڵێت، خۆپیشاندان بە بێ مۆڵەت بەپێی یاسا و ڕێنماییەکان ڕێگە پێدراو نییە و بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە، راشیدەگەیەنێت، هەرکەس و لایەنێک بەبێ مۆڵەت وەرگرتن خۆپیشاندان ئەنجامبدات، لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە ڕێکاری پێویستیان لە بەرمبەردا دەگیرێتەبەر.


ئومێد خۆشناو، پارێزگار و سەرۆکی لیژنەی ئەمنی هەولێر، سەبارەت بەو خۆپیشاندانەی کە هەفتەی ڕابردوو لە شاری هەولێر لەلایەن چەند کەسانێکەوە بە بەهانەی بێڕێزیكردن بە پیرۆزییەكانی ئاینی ئیسلام ئەنجامدرا، ڕایگەیاند، دوای ئەوەی مێرمنداڵێک لەکاتی خۆپیشاندانەکانی پشتگیری لە ڕۆژئاوای کوردستان هۆنراوەیەکی خوێندەوە، کە هۆنراوەکەش هی خۆی نەبوو و دوای ئەوەش بە خۆی و خانەوادەکەی، کە خێزانێکی موسڵمانن چەندین جار داوای لێبووردنیان کرد.

پارێزگاری هەولێر باسی لەوەکرد،" کەسانێک ئەو کارەیان قۆستەوە و بەبێ مۆڵەت وەرگرتن لە نێو سەنتەری شار خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، دوپاتی دەکەینەوە خۆپیشاندان بە بێ مۆڵەت بەپێی یاسا و ڕێنماییەکان ڕێگە پێدراو نییە بە هیچ کەس و لایەنێک و بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە، هەرکەس و لایەنێک بەبێ مۆڵەت وەرگرتن خۆپیشاندان ئەنجامبدات، لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە ڕێکاری پێویستیان لە بەرمبەردا دەگیرێتەبەر ".

ئەوەشیخستەڕوو،" ماوەیەکە چەند کەسانێکی توندڕۆ بانگەوازی ئەوە دەکەن لە شاری هەولێر دوبارە خۆپیشاندان ئەنجامبدەنەوە، لێرەوە دوپاتیدەکەینەوە کە هیچ هۆکارێک نییە ئەو کەسانە خۆپیشاندانی بۆ ئەنجامبدەن ".

ئومێد خۆشناو وتیشی،" ئێمە هێزە ئەمنیەکان ئاسایش و پۆلیسمان دەستکراوە کردوە ئیجرائاتی توند بەرامبەر هەر کەسێک بکەن کە ئەو کارە ئەنجامبدات، خۆپیشاندان، گردبونەوە و ناڕەزایەتیی دەربڕین، ڕێکاری یاسایی خۆی هەیە و بەبێ مۆڵەت رێگە بە هیچ خۆپیشاندانێك نادرێت لە هەولێر ".