لە مانگی ڕەمەزانی 2026دا درێژترین ڕۆژانی ڕۆژوو لە کام وڵاتان دەبێت؟

هەمەڕەنگ

13 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 223 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەبەر ئەوەی ئێستا لە نیوەگۆی باشووری زەوی وەرزی هاوینە، درێژی ڕۆژ دەبێتە هۆی زیاتری کاتەکانی ڕۆژووگرتن بەراورد بە وەرزی زستان. لە بەرامبەردا، ئێستا لە نیوەگۆی باکوور وەرزی زستانە و ماوەی ڕۆژووگرتن کورتترە.
کاتەکانی ڕۆژوو لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەگۆڕێت؛ هەرچەندە شوێنەکە لە هێڵی کەمەرەیی دوور بکەوێتەوە، ڕۆژەکان لە هاویندا درێژتر و لە زستاندا کورتتر دەبن.
بۆ نموونە لە شاری پۆرتۆ ویلیامز لە چیلی، ڕۆژووگرتن لە سەرەتای ئەمساڵدا نزیکەی 14.5 کاتژمێر دەخایەنێت، بەڵام لە شاری لۆنگیربین لە نەرویج کە باکووریترین ناوچەی نیشتەجێبوونە، کاتی ڕۆژوو لە سەرەتای مانگەکەدا تەنها 2.5 کاتژمێر دەبێت و لە کۆتایی مانگەکەدا دەگاتە 12.5 کاتژمێر. زۆرجار موسڵمانانی ئەم ناوچە دوورەدەستانە لەبری پابەندبوون بە کاتە نائاساییەکان، پەیڕەوی کاتی مەککە دەکەن.
لە نیوەگۆی باکوور، درێژترین ڕۆژی ڕۆژووگرتن ئەو کاتەیە کە ڕەمەزان دەکەوێتە دەوروبەری 21ی حوزەیران، و کورتترینیشیان لە دەوروبەری 21ی کانوونی یەکەمە، لە نیوەگۆی باشووریش دۆخەکە بە پێچەوانەیە.
 لە زۆربەی وڵاتانی عەرەبی، کاتەکانی ڕۆژوو لە نێوان 12 بۆ 13 کاتژمێردایە، ئەمەش وای کردووە ڕەمەزانی 2026 یەکێک بێت لە مامناوەندترین وەرزەکان. لە مەککە، ڕۆژوو لە سەرەتای مانگدا 11.5 کاتژمێرە و لە کۆتایی مانگدا نیو کاتژمێر زیاد دەکات.
موسڵمانانی شارە گەورەکانی نیوەگۆی باشوور، وەک بوینس ئایرس لە ئەرجەنتین، دەبێت 13 کاتژمێر و 15 خولەک بەڕۆژوو بن، بەڵام بەهۆی کەمبوونەوەی کاتەکانی ڕۆژ لەو ناوچەیە، کاتەکەیان لە کۆتایی مانگدا نزیکەی کاتژمێرێک کەم دەکات.
 لە ناوچە دوورەکانی باکوور وەک نووک لە گرینلاند، کاتی ڕۆژوو لە 9 کاتژمێرەوە بۆ زیاتر لە 12 کاتژمێر بەرز دەبێتەوە.
 کاتەکانی ڕۆژووی ئەمساڵ زۆر ئاسانترن لەو ساڵانەی ڕەمەزان دەکەوێتە وەرزی هاوین، چونکە لە هەندێک ناوچەی نەرویج و ڕووسیا کاتی ڕۆژووگرتن دەگاتە 20 کاتژمێر. لە نیوەگۆی باکوور کاتەکانی ڕۆژوو تا ساڵی 2031 بەردەوام کەم دەکەن، کە تێیدا ڕەمەزان دەکەوێتە کورتترین ڕۆژی ساڵ لە 21ی کانوونی یەکەم.

بەپەلە