ئەمریكا گەمارۆی دەستپێكردو چەكەكانى گواستەوە

جیهان

13 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4451 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەکاتێکدا گرژییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران ڕوو لەهەڵکشانە، جووڵە ئاسمانییەکانی ئەمریکا لەناوچەی قەوقاز بوەتە جێی سەرنج، بەشێوەیەک بەپێی داتاکانی پلاتفۆرمی فلايت رادار24، هێزی ئاسمانیی ئەمریکا لە نێوان 30 ی کانونی دوەمی 2026 تا 11 ی شوبات، نزیکەی 35 گەشتی بارهەڵگری سەربازیی بۆ ئەرمینیا و ئازەربایجان ئەنجامداوە.

 
ئەم چالاکییانە لە 6 ی شوباتەوە خێراییەکی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە و لە ڕۆژانی 10 و 11 ی شوبات گەیشتوونەتە لووتکە کە ڕۆژانە 6 گەشت ئەنجامدراون. کۆی گشتیی گەشتەکان دابەش بووە بەسەر 20 گەشت بۆ ئەرمینیا و 15 گەشت بۆ ئازەربایجان، کە زۆربەیان لە بنکەی ڕامشتاینی ئەڵمانیاوە دەستیان پێکردووە.

لەلایەکی تەکنیکییەوە، زۆربەی ئەم گەشتانە لە ڕێگەی فڕۆکەی جۆری C-17 گڵۆب ماستەر ئەنجامدراون کە تایبەتە بە گواستنەوەی کەرەستەی قورس و توانای هەڵگرتنی 78 تۆنی هەیە، لە کاتێکدا تەنیا 4 گەشت بە فڕۆکەی MC-130J ئەنجامدراون کە پەیوەستن بە هێزە تایبەتەکانەوە.

 ئەم هاوسەنگییە نیشان دەدات کە ئامانجی سەرەکیی واشنتۆن زیاتر خۆئامادەکردن و جێگیرکردنی بنکەی لۆجستییە نەک کۆکردنەوەی هێزی هێرشبەر بۆ شەڕێکی ڕاستەوخۆ. هاوکات لەگەڵ ئەم جووڵانە، جەی دی فانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، سەردانی هەردوو وڵاتی کردووە و ڕێککەوتنی ئەمنیی و ئابووریی واژۆ کردووە.

هەرچەندە داتاکان بەڵگەی یەکلاکەرەوە نین بۆ هێرشی سەربازیی، بەڵام دەریدەخەن کە ئەمریکا ستراتیژی "لۆجستی بێدەنگ" پەیڕەو دەکات بۆ گەمارۆدانی ناڕاستەوخۆی ئێران و بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە باکووری ئەو وڵاتەدا، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ هەر سیناریۆیەکی چاوەڕواننەکراو لە ئەگەری شکستی گفتوگۆ دیبلۆماسییەکان.

بەپەلە