پشتیوانییەكی دیكە بۆ كورد ڕاگەیاندرا

کوردستان

12 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1747 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پێشوازییان لەرێککەوتنی نێوان حکومەتی سوریاو هێزەکانی سوریای دیموکرات کرد کە بریتیە لەئاگربەستی هەمیشەیی و ڕێکخستنەوەكانی تایبەت بە یەکگرتنەوەی مەدەنی، ئابوری، ئیداری و سەربازی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا.


لەڕاگەیەندراوێكی ڕۆژنامەوانیدا ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش جەختیان لەسەر پێویستی پابەندبونی هەردوو لایەن بە رێککەوتنەکە کردوەتەوە بەمەبەستی کەمکردنەوەی ئازارەکانی خەڵکی مەدەنی، پاڵپشتی خۆیان بۆ هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ڕاگەیاندوە کە هێزەکانی سوریای دیموکرات بەشدارییان تێدا کردوە لەکاتی شەڕی داعش لەباکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، هەروەها پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و دەستڕاگەیشتن بە یارمەتییە مرۆییەکان بەبێ بەربەست و بەردەوامبوون لەبوژانەوەی سوریا لەدوای شەڕ.

ئەندامانی ئەنجومەنەکە جەختیان لەسەر بەرپرسیارێتی سەرەکی حکومەتی سوریا کردوەتەوە، کە پارێزگاری لەهەموو هاوڵاتیانی وڵاتەکەی بکات، بەکوردەکانیشەوە.

هاوكات پێشوازییان لهمەرسومی سەرۆکایەتی ژماره 13 ی زامنی مافەکانی کورد کردو هانی هەنگاوی زیاتریاندا لهئاوێتەکردنی نوێنەرانی کورد لهناو حکومەت و ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی ئاواره کوردەكان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

بەپێی ڕاگەیەندراوەكە پێزانینی خۆیان بۆ ئەو قوربانییە بێئەندازەیه دەربڕی كە لەشەڕی داعش لەباکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕویدا. 

داواشیان لەهەموو لایەنەکان کرد، خۆیان لەهەر بۆشایییەکی ئەمنی لەناو ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی داعش و دەوروبەری لەباکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بەدوربگرن.

لەڕاگەیەندراوەكەدا هاتوە، ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش پێشوازی لەو رۆڵە گرنگە دەكەن کە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕوبەڕوبونەوەی مەترسییەكانی داعش دەیبینن.

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پابەندبوونی پتەوی خۆی بەسەروەری و سەربەخۆیی و یەکگرتویی و یەکپارچەیی خاکی سوریا دوپات کردەوە و داوای لەهەموو دەوڵەتەكان کرد کەڕێز لەم بنەمایانە بگرن و خۆیان لەهەر کردارێک یان دەستێوەردانێک بپارێزن کە وڵاتەکە زیاتر ناسەقامگیر بکات.

بەپەلە