ترەمپ ئۆپەراسیۆنی نهێنی لەناو ئێراندا ئەنجامداوە

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 701 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئاژانسێكی ئەمریكی ئاشكرایكردوە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەئۆپەراسیۆنێکی نهێنیدا نزیکەی شەش هەزار ئامێری ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی "ستارلینک"ی بۆ ناو خاکی ئێران ناردوە.


هاوكات، بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، واشنتن لەمانگی کانونی دوەمی ڕابردودا، دوای سەرکوتکردنی توندی خۆپێشاندانەکان کە تێیدا هەزاران کەس لەئێران کوژران، 6000 ئامێری ستارلینکی بە قاچاخ بردوەتە ناو ئەو وڵاتە. 
 
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، کە ڕۆژی پێنجشەممە، 12ـی شوباتی 2026 بڵاویکردوەتەوە، نزیکەی 7000 ئامێری ستارلینکی کڕیوە، کە زۆربەیان لەمانگی کانونی دوەمی ئەمساڵدا بوە. 
بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ بڕیاریانداوە بەشێک لەبودجەی پڕۆژەکانی دیکەی "ئازادیی ئینتەرنێت" ببڕن و بۆ کڕینی ئەم ئامێرانە تەرخانی بکەن.
   
لە بەرامبەردا، شارەزایانی بواری تەکنەلۆژیا هۆشداری دەدەن، بەکارهێنانی ستارلینک لە ئێران مەترسیدارە، چونکە هێزە ئەمنییەکان دەتوانن لەرێگەی شەپۆلەکانەوە شوێنی بەکارهێنەران بدۆزنەوە. 
  
بەکارهێنانی ستارلینک لەئێران بەیاسا قەدەغەیەو هەر کەسێک ئەو ئامێرەی پێبێت، روبەڕوی چەندین ساڵ زیندانی دەبێتەوە و هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەردەوام پشکنین بۆ سەربانی ماڵەکان دەکەن بۆ دۆزینەوەی ئامێرەکان.
 
ئەم ئۆپەراسیۆنە نهێنییەی ئەمریکا لەکاتێکدایە، کە تاران واشنتن تۆمەتبار دەکات بە هاندانی ئاژاوە و تێکدانی ئاسایشی وڵات، بەڵام ئەمریکا دەڵێت تەنیا دەیەوێت مافی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری بۆ گەنجانی ئێران دابین بکات، کە دژی خراپیی بژێوی و دەسەڵات دەنگیان هەڵبڕیوە

بەپەلە