ماكرۆن بۆ مەزڵوم عەبدی: تۆ شەرڤانی ئازادیيت و من كورد لەیاد ناكەم و قەرزاری هەموتانم

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 382 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، لە میونشن لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆكی فەرەنسا کۆبونەوە.

 
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی هەسەدە، "لەدیدارەکەدا، شاندی هەسەدە سوپاسی ماکرۆنی کرد بۆ ئەو پشتگیرییە بەردەوامەی فەرەنسا پێشکەشی دەکات، بەتایبەتی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی پاریس بۆ چەسپاندنی ئاگربەست و بەهێزکردنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا."

هەسەدە ئاماژە بەوەش دەکات، هەردوو لا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی پشتگیرییە نێودەوڵەتییەکان کردەوە بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەمی نێوان هەسەدە و حکومەتی سوریا.

هاوكات، ئاماژە بەوە کراوە، تەواوکردنی ئەم ڕێککەوتنە خزمەت بە پڕۆسەی تێکەڵکردنی دامەزراوەکان و سەقامگیریی ته‌واو لە سوریا دەکات.

هەسەدە دەڵێت، ئیمانوێل ماکرۆن دووپاتی کردەوە کە فەرەنسا بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی لەم چوارچێوەیەدا و "سەرۆکی فەرەنسا ستایشی ڕۆڵی کارای هێزەکانی سوریای دیموکراتی کرد لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە و جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی وەک هاوبەشێکی سەرەکی لەگەڵیان دەمێنێتەوە".

هاوكات سەرۆكی فەرەنسا پێشوازییەكی گەرمی لە مەزڵوم عەبدی كرد و لە گرتە ڤیدیۆیەكیشدا ستایشی هەوڵەكان دەکات و دەڵێت: "تۆ شەڕڤانێکی ئازایت، تۆ لەسەر هەق بویت و قەت ئەوە لەبیر ناكەم و دەتوانی پشت بە من ببەستیت".

ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە، شاندی باڵای هەسەدە و حکومەتی سوریا لە میونشن زنجیرەیەک دیداریان لەگەڵ شاندەکانی جیهان دەستپێکردووە.