شارپرێس:
کاردانەوەی جەستەی تووشبووانی شەکرە بۆ ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان
لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت، بۆیە پێویستە ئەم گروپە ڕەچاوی چەند خاڵێک بکەن
بۆ پاراستنی تەندروستییان.
یەکێک لە گرنگترین ئەو شتانەی کە دەبێت نەخۆشی شەکرە لە
کاتی بەربانگدا لێی دوور بکەوێتەوە، خواردنەوە گازییەکان و شەربەتە شیرینکراوەکانە،
چونکە بەرزبوونەوەی لەناکاوی ڕێژەی شەکر لە خوێندا دەبێتە هۆی کێشەی مەترسیدار.
هەروەها پێویستە تووشبووانی شەکرەی جۆری 1 کە پێشینەی
دابەزینی لەناکاوی شەکرەیان هەیە، بەردەوام چاودێریی ئاستی شەکر بکەن، چونکە دابەزینی
توندی گلوکۆز لەوانەیە زیان بە گورچیلەکان بگەیەنێت یان ببێتە هۆی بێهۆشبوون.
نیشانەکانی دابەزینی
شەکر بریتین لە لەرزین، بێهێزی، ئارەقکردنەوەی زۆر، دڵەڕاوکێ، زەردبوونی پێست و سڕبوونی
زمان یان لێوەکان. لە حاڵەتە توندەکانیشدا دەبێتە هۆی تەڵخبوونی بینین و لەدەستدانی
هاوسەنگی.
هەروەک، نابێت ژەمی پارشێو پشتگوێ بخرێت و پێویستە پرۆتین
و ڤیتامیناتی تێدابێت و پێویستە نەخۆش لە خواردنی شیرینی زۆر و بەهارات و چەورییە
زیانبەخشەکان دوور بکەوێتەوە و چەوری تەندروست وەک زەیتی زەیتون بەکاربهێنێت.
لە کۆتاییدا، ئەنجامدانی
وەرزشی سوک وەک پیاسەکردن دوای بەربانگ بۆ سووتاندنی کالۆری و خواردنەوەی بڕی پێویستی
ئاو لە نێوان بەربانگ و پارشێودا، یارمەتیدەرێکی گەورەن بۆ جێگیربوونی دۆخی تەندروستییان.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
