بۆچی تەسلیم نابن؟ تره‌مپ لەسەرسوڕماندایەو تاران تەنها 15 ڕۆژی لەبەردەمە

جیهان

10 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3688 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەنوێترین لێدوانیدا کە دەنگدانەوەی زۆری لەمیدیا جیهانییەکاندا دروستکردوە، ستیڤ ویتکۆف نێردەی تایبەتی ئەمریکا، پەردەی لەسەر تێڕوانینە تایبەتەکانی دۆناڵد تره‌مپ لادەبات سەبارەت بەمامەڵە لەگەڵ تاران، ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "سەرۆک سەری سوڕماوە کە تائێستا ئێران ملی بۆ فشارەکان ڕانەکێشاوە".


ویتکۆف لەچاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز ڕایگەیاند، ترامپ بەوردی چاودێری دۆخەکە دەکات‌و پرسیارێکی لا دروستبوە، سەرەڕای بونی هێزێکی دەریایی گەورەو بێوێنەی ئەمریکا لەناوچەکەدا، بۆچی تاران هێشتا بەردەوامە لەسەرکێشی؟

ویتکۆف دەڵێت:"سەرۆک ئەم بەیانییە لێی پرسیم؛ ئەو نایەوێت وشەی (بێزاربوو) بەکاربهێنێت، چونکە دەزانێت جێگرەوەی زۆری لەبەردەستە، بەڵام بەڕاستی دەپرسێت بۆچی ئێرانییەکان تەسلیم نابن؟".

نێردەی تایبەتی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، "قایلکردنی تاران کارێکی ئاسان نییە، هەرچەندە ئێران دەشڵێت بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئاشتییانەیە، بەڵام ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم زۆر لەوە زیاترە کە بۆ پڕۆژەیەکی مەدەنی پێویست بێت، ڕەنگە تەنها یەک هەفتە مابێت بۆ ئەوەی مادەی پێویستیان بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی لەبەردەستدابێت".

ئەم لێدوانانە لەکاتێکدایە کە دۆناڵد تره‌مپ ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو مۆڵەتێکی کورت‌و دیاریکراوی بۆ تاران داناوە، تره‌مپ ڕایگەیاندوە، تەنها 15 ڕۆژ مۆڵەت دەداتە ئێران بۆ گەیشتن بەڕێککەوتن، بەوپێیەی کە ئەم ماوەیە بەسە بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی نوێ ئەگەر تاران بیەوێت لەهەڵوێستە توندەکانی پاشەکشە بکات.

ئایا تاران لەژێر فشاری ئەم مۆڵەتە کورتەدا دەچێتەسەر مێزی گفتوگۆ، یان ناوچەکە بەرەو قۆناغێکی نوێی ئاڵۆزیی دەچێت؟ تەنها 15 ڕۆژەکە وەڵامی ئەمە دەدەنەوە.