عێراقچی وادەی دوا كۆبونەوەیان لەگەڵ ئەمریكا ئاشكرادەكات

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 452 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، گەیشتن بەرێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ واشنتن لەبەردەستدایەو بڕیار وایە ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو لەجنێڤ لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا کۆببنەوەو دەڵێت،" ئومێد هەیە كۆبونەوەی كۆتایی بێت و بگەین بەڕێككەوتن".

 
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی (CBS)ـی ئەمریکی ڕایگەیاند، دیپلۆماسی تاکە ڕێگەیە بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییەکانی واشنتن لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران. 
 
عێراقچی وتی،" ئێمە ئێستا تەنیا باس لەدۆسیەی ئەتۆمی دەکەین. پیتاندنی یۆرانیۆم مافی ئێمەیە و ئەو تەکنەلۆژیایە سەرچاوەی شانازیی ئێمەیە، بۆیە ناتوانین دەستبەرداری ببین، بەڵام دەکرێت بگەینە چارەسەرێک دەربارەی شێوازی پیتاندنەکە."
 
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، خەریکی داڕشتنی رەشنووسی رێککەوتنەکەن و گۆڕینەوەی پێشنیازەکان لەگەڵ لایەنی ئەمریکی دەستیپێکردووە.
 
سەبارەت بەکۆکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەناوچەکەدا، عێراقچی وتی،"هیچ پێویست بەم هەموو نیشاندان و ئاراییشە سەربازییەی ئەمریکا ناکات، ئەمە ئێمە ناترسێنێت."
 
وەزیری دەرەوەی ئێران پەیامێکی ڕونیشی سەبارەت بەتوانای مووشەکیی وڵاتەکەی ناردو ڕایگەیاند،"موشەکەکانی ئێمە ناتوانن لەناو خاکی ئەمریکا بدەن، بەڵام دەتوانین لە بنکە سەربازییەکانیان بدەین. هەروەها موشەکەکانی ئێمە توانای لێدانی ئامانجەکانیان لە ناو ئیسرائیلدا هەیە".

عێراقچی دوپاتی کردەوە، ئێران مافی بەرگریکردن لە خۆی هەیە ئەگەر ڕوبەڕوی هەر هێرشێکی ئەمریکا ببێتەوە.

هاوكات، پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسیش ئاشکرای کرد، چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژی هەینی داهاتوو لەجنێڤ، دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەنێوان ئەمریکاو ئێران بەڕێوە بچێت.