شارپرێس:
دوای ئەوەی پێنج
حزبی رۆژهەڵاتی کوردستان هاوپەیمانێتییەکیان راگەیاند و هەڕەشەی هێرشکردنەسەر ئێرانیان کرد، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی
هەرێم ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ڕێگە نادەن
هیچ لایەنێک، هەرێمی کوردستان لە دژی هیچ وڵاتێکی دراوسێ بەکار بهێنێت .
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان
لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" ئەمڕۆ چەند لایەنێک، ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە
کە تێیدا هەڕەشەیان لە وڵاتێکی دراوسێ کردوە ، لەم ڕوەوە ، بە پێویستی دەزانین دوپاتی
بکەینەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە فاکتەری سەقامگیریی و ئارامی بوە لە ناوچەکەدا
".
ئەوەشیخستەڕوو، هەرێمی کوردستان هیچ کاتێک سەرچاوەی هەڕەشە
و مەترسیی نەووە بۆ ئاسایشی هیچ وڵاتێکی دراوسێ و ڕێگەش نادات، هیچ لایەنێک، هەرێمی
کوردستان لە دژی هیچ وڵاتێکی دراوسێ بەکار بهێنێت .
ئەمەش لەکاتێکدایە، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، هەریەک لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران،
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، پارتی ئازادی کوردستان، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی
کوردستان و سازمانی خەبات، هاوپەیمانێتییەکان پێکهێنا و رایانگەیاند،" ئامانجە سەرەکی
و هاوبەشەکانمان لەو هاوپەیمانییەدا خەبات بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران
".
