لەئەگەری کوژرانی خامنەیی کێ جێگەی دەگرێتەوە؟

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 558 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی نیویۆرک تایمز، لەگەڵ پەرەسەندنی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان و هەڕەشە سەربازییەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل، عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی فەرمانی بەیاریدەدەرە باڵاکانی کردوە کە بەپێی پلانی جێنشینی چەند لاو زنجیرەی فەرماندەیی فریاگوزاری هەنگاو بنێن لەئەگەری کوژرانی لەهێرشێکدا.


ڕۆژنامەکە نوسیویەتی،" خامنەیی لەم چوارچێوەیەدا، عەلی لاریجانی، فەرماندەی پێشوی سوپای پاسداران و سیاسەتمەداری دێرین، بۆ ڕۆڵێکی ناوەندی لەبەڕێوەبردنی وڵاتدا ڕاسپاردوە، دەسەڵاتێکی فراوانی ئەمنی و سیاسی و دیپلۆماسی پێبەخشیوە. 

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئێستا لاریجانی ڕۆڵی ناوەندی دەگێڕێت لەهەموو شتێکدا لەسەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانەوە تا بەرێوەبردنی دانوستانە ئەتۆمییەکان و هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانە بیانییەکان و پلاندانان بۆ شەڕ.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بەپشتبەستن بەچاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی ئێران، ئەندامانی هێزی پاسداران و دیپلۆماتکارانی پێشوو، باس لەوە دەکات کە لەلوتکەی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان و لەهەمان کاتدا کە هەڕەشەکانی واشنتۆن پەرەی سەند، عەلی لاریجانی بە شێوەیەکی نافەرمی وەک سەرۆکی بەشی کارگێڕی و کاروباری ئاسایش دەستنیشان کراوە.

بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، دوای دەستبەکاربونی لەپشت پەردەوە، لاریجانی بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردنی سەرکوتی بەربڵاوی خۆپیشاندەرانی لە ئەستۆ گرتوە، سەرکردایەتی دانوستانە ئەتۆمییە هەستیارەکان لەگەڵ ئەمریکاو هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی وەک ڕووسیا و قەتەر و عومان لە ئەستۆ گرتووە. هەروەها ڕۆڵی سەرەکی گێڕا لە پەرەپێدانی سیناریۆی جەنگ و ئامادەکردنی وڵات بۆ ئەگەری ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ هێرشی سەربازی ئەمریکا.

لەڕاپۆرتەکەدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە لاریجانی لەڕوی ئایینیەوە پیاوێکی ئایینی پلەباڵا نییە و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش پێناچێت وەک جێنشینی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی هەژمار بکرێت، بەڵام لەهەمان کاتدا وەک یەکێک لە متمانەپێکراوترین بەڕێوەبەرانی قەیرانی خامنەیی وەسف دەکرێت کە لەبارودۆخی نائاساییدا ئەڵقەی سەرەکی بڕیاردان لەپێکهاتەی دەسەڵاتدا پێکدەهێنێت.

هەر بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرته، خامنەیی لەچەند هەفتەی ڕابردودا فەرمانی بەبازنەی ناوەوەی خۆی کردوه که چەند چینێکی جێنشینی بۆ پێگەسەرەکییە سەربازی و سیاسییەکان پێکبهێنن لەئەگەری تیرۆرکردن یان بەئامانجگرتنیان لەلایەن ئەمریکاو ئیسرائیلەوە. پلانەکە چەند کەسێک بۆ هەر پۆستێکی گرنگ دەستنیشان دەکات کە دەتوانن بە خێرایی بەردەوام بن لەبڕیاردان ئەگەر بکوژرێن یان پەیوەندییەکانیان ببڕدرێت.

بەشێک لەو ڕێنماییانە نهێنین و بریتین لەبەخشینی دەسەڵاتی بڕیاردان بە بازنەیەکی زۆر سنوردار لەڕاوێژکاران و فەرماندەکان بۆ ئەوەی ئەگەر پێکهاتەی پەیوەندییە فەرمییەکان زیانیان پێ بگات یان خودی خامنەیی کرایە ئامانج، فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی وڵات، ئامێری ئەمنی و دیپلۆماسی بتوانن بەبێ پچڕان بەردەوام بن.