شارپرێس:
وەزیری دەرەوەی عومان پشتڕاستیکردەوە، گەڕی سێیەمی دانوستانەکانی نێوان ئێرانو ئەمریکا سەبارەت بەبەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران، ڕۆژی پێنجشەممە 26ی شوبات لەشاری ژنێڤی سویسرا بەڕێوەدەچێت.
بەدر ئەلبوسەیدی وەزیری دەرەوەی عومان لەهەژماری فەرمیی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی، "خۆشحاڵم پشتڕاستی بکەمەوە کە دانوستانەکانی ئەمریکاو ئێران ئێستا بۆ ڕۆژی پێنجشەممە لەژنێڤ پلانیان بۆ دانراوە؛ ئەمە هەوڵێکی ئەرێنییە بۆ هاویشتنی هەنگاوی کۆتاییو گەیشتن بەڕێککەوتنەکە".
هاوکات باراک ڕاڤید پەیامنێری ماڵپەڕی ئەکسیۆس لەزاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە وادەی بەڕێوەچونی دانوستانەکانی لەڕۆژی پێنجشەممەدا پشتڕاستکردوەتەوە.
پێشتر وەزیری دەرەوەی ئێران لەلێدوانێکدا بۆ کەناڵی سی بی ئێسی ئەمریکی وتبوى، "پێدەچێت ڕۆژی پێنجشەممە لەشاری ژنێڤ لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا، گەڕی سێیەمی دانوستانەکان ئەنجامبدەین".
گەڕی یەکەمی ئەم دانوستانانە لەمەسقەتی پایتەختی عومانو گەڕی دوەمیش لەشاری ژنێڤ بەڕێوەچون، لەهەردوو قۆناغەکەدا عومان ڕۆڵی نێوەندگیریی گێڕاوەو گفتوگۆکانی نێوان تارانو واشنتۆنیش بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئەنجامدراون.
